پشکنینی پێشوەختە بۆ كاڵاكانی هەرێم بكەن
عێراق چاودێری توند دەخاتە سەر كەلوپەلەكانی هەرێم
964+
محەمەد فاتیح
لەكاتێكدا بەپێی هەموو پێوەرە ناوخۆیی و دەرەكییەكان عێراق یەكێکە لە وڵاتە گەندەڵەكان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە ئاشكرا لە دوایین راپۆرتییدا دەڵێت لە عێراق دزی دەكرێت، كەچی دەستەی دەروازە سنووریەكان و نەزاهەی عێراق داوای توندوتۆڵكردنی چاودێری ئەو كەلوپەلانە دەكەن كە لە هەرێمی كوردستانەوە داخڵی عێراق دەبن.
دەستەی دەروازە سنووریەكانی عێراق بڵاویكردەوە، بەمەبەستی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی ئیداری، دارایی، پاراستنی ماڵی گشتی و لێپێچینەوە لە كەموكوڕی بەپێی یاسا كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانمان ئەنجام دا، دەستخۆشیمان ئاڕاستەی ئەو لایەنانە كرد كە رۆڵیان هەیە لە كەمكردنەوەی گەندەڵی لە خاڵە سنووریەكان.
لە كۆبوونەوەكەدا دەستەی دەروازە سنووریەكان و نەزاهەی عیراق داوایان كرد، چاودێری و وردبینی توند بخرێتە سەر ئەو كەلوپەلانەی لە خاڵە پشکنینەکانی سەر ڕێگا سەرەکییەکان لە دەروازەكانی هەرێمی کوردستانەوە داخڵی عێراق دەبن .
وتیشیان، “دەبێت دڵنیابن لە سەپاندنی رسوماتی یەکگرتوو و پشکنینی پێشوەختەی كاڵاكانی هەرێم، بەشێوەیەك هاوڵاتیانی عێراقی پارێزراوبن و دەبێت رێگری لە تێپەڕبوونی ئەو کاڵایانە بکرێت کە رسوماتیان لەسەر نییە یان لە دەروازە نافەرمیەکانەوە هاتوون”.
ئەم لەكاتێكدایە دوێنێ چەند گرتە ڤیدیۆیەك بڵاوبوونەوە، كە دەیسەلمێنن لە یەكێك لە خاڵە سنووریەكانی عێراق لەگەڵ هەرێم سەرانە لە خەڵك وەردەگرن و ئازاریان دەدەن و سوكایەتیان پێدەكەن و چەند پەرلەمانتارێكیش بەڵێنیان دا لیژنە بۆ ئەو مەبەستە پێكبهێنن.