"بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ"
پشکنین بۆ شۆفێرانی بارھەڵگر کرا و هۆشیار کرانەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی ھاتوچۆ و ھۆشیارکردنەوەی شۆفێرانی بارھەڵگر، لەسەر رێگای کەلار – مەرزی پەروێزخان، پشوویەک بە شۆفێرانی بارھەڵگر درا و پشکنینی تەندروستیان بۆ ئەنجامدرا.
باوەڕ مستەفا سەرپەرشتیاری چالاکییەکە لە گەرمیان بە 964ـی وت، “شۆفێرانی بارھەڵگر کاتێکی زیاتر خەریکی شۆفێرین و ماندوو دەبن، بۆیە دەمانەوێت ھۆشیاریان پێبدەین لەکاتی ماندویەتی پشوویەک بدەن، بۆئەوەی تووشی رووداوی ھاتوچۆ نەبن”.
“ئەمڕۆ سێشەممە 20.5.2025 لەسەر رێگای مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، شۆفێرانی بارھەڵگرمان رادەگرت تاوەکو پشوویەک بدەن و پشکنینیان بۆدەکرا، دوای خواردنەوەی ئاو و چا دەستیان بە شۆفێری دەکردەوە و بەردەوام دەبوون لە کاری خۆیان”، باوەڕ مستەفا وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی پەستانی خوێن و شەکرەیان بۆ ئەنجام دەدرا، لە ئەنجامی پشکنینەکان بۆیان دەرکەوتووە کە زۆربەیان نەخۆشی درێژخایەنی فشاری خوێن یان شەکرەیان ھەیە، بۆیە باشتروایە شۆفێرانی بارهەڵگر لەکاتی ماندویەتی لە شوێنێک ئۆتۆمبێلەکانیان رابگرن و پشوویەک بدەن، دواتر دەست بە شۆفێری بکەنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری