تەرازوی دوکاندارێکی شاری سلێمانی. فۆتۆ: شارەوانی سلێمانی
دوو رۆژ مۆڵەتیان پێدرا
ژمارەیەک دوکان بە تەرازووەکانیان فێڵیان لە خەڵک کردووە
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ تیمەکانی شارەوانی سلێمانی لە هۆبەی کێشانە و پێوانە سەردانی بازاڕیان کردووە و ژمارەیەک کاسبکار و دوکانیان دۆزیوەتەوە کە دەستکاری تەرازووەکانیان کردووە و فێڵیان لە هاوڵاتییان کردووە.
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، مۆڵەتی دوو رۆژیان داوە بەو دوکان و کاسبکارانە تەرازووەکانیان چاک بکەن ئەگەرنا سزای داخستن و پێبژاردن دەدرێن.
ئەو دوکان و کاسبکارانەی فێڵیان کردووە لە بازاڕی بەربەلەدێکە و بازاڕی سەعید تەها کۆیی و شەقامی مەولەوی کار دەکەن.
“رێنمایی پێویست بە فرۆشیاران درا کە مافی کڕیاران بپارێزن، بەشێک لە فرۆشیاران سەرپێچیان هەبوو لە کێش وسەنگ و پێوانەدا و مۆڵەتی دوو رۆژیان پێدراوە کە هەستن بە چاککردنی کەمووکوڕییەکانیان”، شارەوانی سلێمانی وا دەڵێت.
ئەوانەی کیشی کیلۆکانیان کەمترە سزا دەدرێن، سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە، ئەگەر دووبارەی بکەنەوە دوکانەکانیان پێ دادەخرێت و ئەگەر عارەبانەشیان پێبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت.