'' هەموو ژنانیان عەدم کردووە''
دکتۆرە عەتیە: ژن هاتووە بە پەنجەیەک نەمتوانیوە فەحسی بکەم
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
دکتۆرە بە ناوبانگەکەی ژنان تەواو ناڕەحەت بووە لەو پزیشکانەی ”بۆ بازرگانی یا بۆ بەرژەوەندی خۆیان” رەحمی ژنان دەردەهێنن، ئەو سوورە لەسەر ئەوەی بۆ حاڵەتی زۆر پێویستی نەخۆشی نەبێت نابێ دەستکاری رەحمی ژنان بکرێت.
د. عەتیە حەمەسەعید پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوونە، لە بەناوبانگترین پزیشکەکانی هەولێرو کوردستانە، کاتێک پەیامێری 964 لێی پرسی دەڵێن دەرهێنانی رەحمی ژنان زیادبووە، بێ سێ و دوو وتی وایە و بەتوڕەییەوە وتی ”هەموو ژنانیان عەدم کردووە”.
د. عەتیە دەڵێت ”نابێ پزیشکەکان لە پێناو بازرگانی دەستکاری رەحمی ژنان بکەن، چونکە رەحمی ژنان تەنیا بۆ پەروەردەکردنی منداڵ نییە، رەحمی ژنان ئەگەر تووشی نەخۆشی نەبێت دەرهێنانی هەڵەیە”.
نموونەی هەندێ لەو ژنانە دەهێنێتەوە کە بە هەڵە نەشتەرگەرییان بۆ کراوەو دەڵێت ”ژن هاتووەتە لام بە پەنجەیەک نەمتوانیوە فەحسی بکەم”.
دکتۆرە شارەزاکە هەر لە ژوورەکەی خۆی وێنەیەکی گەورەی شیکاری رەحمی ژنانی گرتە دەست و یەک یەک کێشەکانی بۆ پەیامنێری 964 باس دەکرد، دەستی بۆ ملی رەحمەکە راکێشاو وتی ”بە نەشتەرگەری قەیسەری ژنی ئەو وڵاتەیان هەموو عەدم کردووە، دوای ئەوەش رەحمی بۆ دەردەهێنن”.
مکوڕە لەسەر ئەوەی دەبێت رەحمی ژنان تەنیا لەو کاتە دەربهێندرێت کە تووشی نەخۆشی بووەو نەخۆشییەکەش بە دەرمان چاک ناکرێت، نموونەی نەشتەرگەرییەک باس دەکات کە خۆی کردوویەتی دەڵێت ”گرێی 12 کیلۆیم لە رەحمی ژنان دەرهێناوە”.