د.هیوا چۆمانی:
لە باسكردنی كێشەكانی تەندروستی سێكسی و پرۆستات شەرم مەكەن
+964
جێگر مەحموود
د. هیوا چۆمانی پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و پڕۆستات و نەزۆکی و لاوازی سێکسی، بە 964ی راگەیاند، هاوڵاتیان پێویست ناكات لە باسكردن و خستنەڕووی كێشە تەندروستییەكانیان شەرم بكەن، بە تایبەتی لە پرسی بابەتی لاوازی سێكسی و گرفتەكانی پرۆستاتدا، چونكە زوو سەردانیكردنی پزیشكی پسپۆڕ، وادەكات زووتر چارەسەر بكرێن.
لە پۆدکاستی لەشساغیدا د. هیوا چۆمانی، چەندین بابەتی گرنگی تەندروستی پیاوان و کۆئەندامی میزەڕۆی خستەڕوو.
ئەو تیشکی خستە سەر گرنگیی گورچیلەکان وەک پاڵاوگەی لەش، هەروەها هۆکارەکانی هەوکردن و بەردی گورچیلەی باسکرد و جەختی لەسەر خۆپاراستن کردەوە لە رێگەی خواردنەوەی ئاو و خۆراکی تەندروستەوە، هەروەها باسی کێشەی میز رانەگرتنی منداڵانیشی کرد.
سەبارەت بە پڕۆستات روونیکردەوە، کە گەورەبوونی لەگەڵ تەمەندا باوە و پشکنینی پزیشکی بۆ دڵنیابوونەوە گرنگە، لەگەڵ باسکردنی رێگاکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پڕۆستات.
لە بارەی کێشە سێکسییەکانەوە هۆکار و چارەسەرەکانی لاوازی سێکسی و زوو ئاوهاتنەوەی شیکردەوە، جەختی لەسەر بەکارهێنانی دەرمان (وەک ڤیاگرا) لە ژێر چاودێریی پزیشک و گرنگی خۆراکی هاوسەنگ کردەوە.
نەزۆکی پیاوان هۆکارەکانی کاتی سەردانی پزیشک و چارەسەرە بەردەستەکانی وەک چارەسەری هۆرمۆنی و منداڵبوونی دەستکرد، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە بوو، ئاماژەی بەوەش دا کە “مەنعی تەبیعی” رێگایەکی دڵنیا نییە
لە کۆتاییدا د.هیوا هانی هەمووانی دا شەرم لە باسکردنی کێشە تەندروستییەکان نەکەن و بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەری زوو سەردانی پزیشک بکەن.