پرۆژهى ئاوى گۆپتهپه بۆ چهمچهماڵ - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
"پارە خەرجنەکرا بۆیە راگیرا"
ئاوی هەرێم بۆ 964: تەنیا کارە ئیدارییەکانی ئاوی گۆپتەپە رانەوەستاوە
964+
محەمەد فاتیح
زیاتر لە جارێك رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بڵاویكردووەتەوە پڕۆژەی ئاوی گۆپتهپه كێشەی تێدایە و دواتر رایگەیاند، كە پڕۆژەكە لە باربراوە و شكستیهێناوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی 964وە دەڵێ، تەنیا کارە ئیدارییەکان بەردەوامە و پارە خەرجکردنی دواکەوتووە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە 964ـی وت، پڕۆژەی ئاوی كۆپتەپە راگیراوە و كاری تێیدا ناکرێ.
كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی ئاوی كۆپتەپەی قەزای چەمچەماڵ داوای 11 ملیاری كردووە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە، بەپێی یاساش دەبێت لەماوەی 60 رۆژدا ئەو بڕە پارەیەى بۆ خەرج بكرێت، بەڵام بانكی دیاریکراو لە سلێمانی خەرجی نەكردووە، سەرەڕای ئەوەی كۆمپانیاكە نزیكەی 90 رۆژ چاوەڕێی كردووە، ئاری ئەحمەد واى وت.
ئەو دەڵێ، ئێمە بەردەوامین لەكاركردن لەسەر پڕۆژەكە و هیچ كێشەیەكی تێیدا نییە و زۆربەی زۆری كاری ئیداریی و دارایی پڕۆژەكەمان تەواوكردووە و هەفتەی رابردووش كارمان تێیدا كردووە، بەڵام کاری کرداری کۆمپانیاکە راگیراوە و نوسراوی راگرتنیشی بۆ کراوە.
لە 12.4.2022 و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاریدرا بە خەرجكردنی 70 ملیۆن و 45 هەزار دۆلار بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ.
پرۆژهى ئاوى گۆپتهپه- چهمچهماڵ، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکان و لە توانایدایە لە کاتژمێرێکدا 3 هەزار و 400 مەتر سێجا ئاو پاک بکاتەوە و رۆژانه له ماوەی 20 کاتژمێردا دهتوانێت 60 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هاوڵاتيان دابین بکات و كۆتایی به گرفتى کەمئاوی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری دەهێنێت.