ناوەندی شاری بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: ئاژانسەکان
میواندارى لوتکەى عەرەبییە
ئەمڕۆ چاوەکان لەسەر بەغدان
964+
وریا فەتاح
بە ئومێدى گەیشتن بە قسەیەکى خێر و کۆتایى هێنان بە شەڕى غەزە و چەندین پرسکى دیکەى گرنگ کە کاریگەرى راستەخۆى لەسەر وڵاتانى عەرەبى هەیە، ئەمڕۆ بەغداى پایتەخت خانەخوێى 34ـەمین لوتکەى عەرەبییە.
سەرۆک و جێگرى و پاشاو شازادەکانى وڵاتانى عەرەبى و شاندەکانیان، ئەمڕۆ لە بەغدان و بەشدارى لە لوتکەى عەرەبى دەکەن، ئەوە جگە لە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و یەکێتی ئەوروپا و یەکێتی ئەفریقا و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی .
لوتکەی بەغدا چوارەم لوتکەیە لە مێژووی عێراقدا، بە وتەى کاربەدەستانى عێراق بڕیارەکان ناوازە دەبن.
قسەوباسەکان چین؟
دۆخی غەزە و ململانێی عەرەب و ئیسرائیل و قەیرانەکانی کاروباری وڵاتانى عەرەبى و گۆڕانکارى کەشوهەوا، تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانن.
لە لوتکەکەدا باس لە دەستپێشخەرییەکانی عێراق دەکرێت، لەوانە دامەزراندنی ناوەندی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە نیشتمانییەکان و ژوورێکی هەماهەنگی ئەمنی و سندوقی هاوکاری ئاوەدانکردنەوە.
حکومەتی عێراق مۆڵەتی داوە بە زیاتر لە 300 رۆژنامەنووسی عێراقی، 250 رۆژنامەنووس و پیشەگەری میدیایی لە دەرەوەی وڵات، هەروەها 20 رێکخراو و سەندیکای سەر بە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی، کە بەشداربن لە رووماڵى لوتکەکەدا.