بەردی بناغەی سێ پرۆژە دانرا
وەزیری ئاوەدانکردنەوە بە دەستودیارییەوە چووە گەرمیان
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 15.5.2025 وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان سەردانی گەرمیانی کرد، بەردی بناغەی سێ پرۆژەی دانا، رێگای دیلێژە بۆ سەنگاویشی کردەوە.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، “ھاتینە گەرمیان بەردی بناغەی قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی گۆڕی مسقاڵ تا ژاڵەی رۆغزایی دانرا بە درێژی 14 کیلۆمەتر و نیو، ھەروەھا دانانی بەردی بناغەی قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی زەردی حەمە تا دووخران و پرۆژەی سێیەمیش بەردی بناغەی قیرتاکردنی دەروازەی دووەمی زانکۆی گەرمیانە”.
“لەماوەی رابردوو دەستکرا بە قیرتاوکردنی رێگای دیلێژە بۆ سەنگاو، راستەوخۆ لەلایەن رێگاوبانی گەرمیانەوە پرۆژەکە جێبەجێکرا، ئەمڕۆ ڕێگاکەمان کردەوە و خرایە خزمەت ھاوڵاتیان” دانا عەبدولکەریم وای وت.
لەبارەی رێگای کەلار – دەربەندیخان ئاماژی بەوەشکرد، رێگاکە 98%ـی تەواو بووە، ئەو جێگایانەشی کە سایدە کۆنەکەیە و تێکچووە نۆژەندەکرێتەوە و لە ئایندەیەکی نزیک رێگاکە 100% تەواو دەبێت.
دانا عەبدولکەریم باسی لەوەکرد، دەرخستە و کارەکانی دوو سایدکردنی رێگای کەلار – مەرزی پەروێزخان ھەمووی تەواو بووە، ناردوومانەتە ئەنجومەنی وەزیران، لە رۆژانی ئایندە رەزامەندی بێتەوە ئەمساڵ دەستدەکرێت بە کارکردن و ئەو رێگایەش دەکرێت بە دوو ساید.
پێداچوونەوە: توانا نەقی