کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگای کەلار-دەربەندیخان: دەست بەکار ناکەینەوە

964+

میلاد جلال – گەرمیان

کۆمپانیای جێبەجێکار لە پرۆژەی رێگای کەلار-دەربەندیخان بە 250 ملیۆن دیناری هەفتانە رازی نییە،  تا تەواوی قەرزەکانیان نەدرێتەوە کارکردن لە پرۆژەکە دەستپێناکەنەوە.

دوای 10 رۆژ لە راگرتنی بەھۆی نەبوونی بودجەوە، بانکی ناوەندیی ھەرێم لە سلێمانی، رۆژی دووشەممە بڕیاریدا ھەفتانە بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەی رێگای کەلار-دەربەندیخان تەرخانبکات.

عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بێشکان بە تۆڕی 964ی راگەیاند “بە خەرجکردنی 250 ملیۆن دیناری ھەفتانە دەست بەکارناکەنەوە لە رێگاکەدا، چونکە حکومەت بڕە پارەیەکی زۆرمان قەرزارە، تا تەواوی ئەو قەرزەمان بۆ خەرج نەکەن دەست  بە کارکردن ناکەینەوە.”

چۆمان ئەحمەد، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی 964ی وت، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە خەرجکردنی بڕی 250 ملیۆن دیناری دەکرێت و هەفتانە ئەو پارەیە خەرج دەکرێت، بەڵام بە مەرجێک بەپێی ئەو پارەیە کار لە رێگاکەدا بکرێت.

پرۆژەی رێگای کەلار – دەربەندیخان 18 پردی دووساید لەخۆدەگرێت، کارەکانی بە رێژەی 58%ی تەواوکراوە و 41 کیلۆمەتر درێژە و زیاتر لە 137 ملیار دیناری تێدەچێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر