کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم - وێنە: حکومەتی هەرێم- ئەرشیف
دەچێتە ئەمریكاش
سەرۆكی حكومەتی هەرێم خۆی سەرپەرشتی لیژنەی باڵای كارەبای 24 كاتژمێری دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، قسە لەسەر نرخی كارەبای 24 كاتژمێری كرا و لیژنەیەكی باڵای بۆ دانرا، ئاشكراشی كرد لە رۆژانی داهاتوو سەرۆكی حكومەت سەردانی ئەمریكا دەكات.
پێشەوا هەورامانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، پڕۆژەی رووناكی بۆ كارەبای 24 كاتژمێری بە حكومەت و هاوڵاتی جێبەجێ دەكرێت و پلانی حكومەتیش وایە پڕۆژەكە لە سەنتەری پارێزگاكان تەواو بكرێ و دواتر بگاتە قەزا و ناحیەكان.
وتیشی، لە سێ مانگی یەكەمی پڕۆژەكەدا حكومەت پاڵپشتیی پارەی هاوڵاتیان دەكات بە داشكانی %50 و %25 و %15، لیژنەیەكی باڵاش چاودێریی پرۆژەكە دەكات و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی سەرپەرشتیی لیژنەكە دەكات.
لە بارەی دواكەوتنی موچەش، پێشەوا هەورامانی باسی ئەوەی كرد، دواكەوتنی موچە لەلایەن بەغداوە بێ هۆكار بووە و هیچ شتێكیش لە بارەی ئەو قسانەی دەكرێن راست نین، كە گوایە حكومەتی هەرێم كەمتەرخەمی كردووە لە ناردنی لیست و زانیارییەكان.
وتیشی، 20 رۆژ پێشتر لیستەكە رەوانەی بەغدا كرابوو، بەڵام نیەتێكی باش نییە بەرامبەر هەرێمی كوردستان و ئەم پەیامەش بە حكومەتی فیدڕالی دراوە، كە ئەمە پێشێلكاریی دەستوورییە.
لە دوابەشی قسەكانیشیدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرای كرد، سەرۆكی حكومەتی كوردستان مەسرور بارزانی، بەم نزیكانە سەردانی ئەمریكا دەكات.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجام دا.