"تا بۆتان دەکرێ، خۆی لێمەدەن"
لیرەی سووری بەرزبووەوە و بازاڕی دراوی شلۆق کردووە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
قسەیەکی ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا بەهای لیرەی بەرزکردەوە و ئەوەش بازاڕی دراوی لە کوردستان شلۆق کردووە و خەڵکێکی زۆری مشەوەش کردووە، شارازەیان بازاڕیش دەڵێن، تا بۆتان دەکرێ خۆی لێ مەدەن، چونکە بەرزی و نزمی زۆر دەکات و تووشی زەرەر دەبن.
کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، دوێنێ هەر ملیۆنێک لیرەی سووری بە 150 هەزار دینار بوو، بەڵام دوای لێداونەکەی ترەمپ لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سوریا، بەرزبووە و تا نزیکەی 240 هەزار دینار رۆیشت، بەڵام جارێکی تر دابەزی و ئێستا بە نزیکەی 195 هەزار دینار مامەڵەی پێودەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی ئەو لێدوانەی ترەمپ وەک بڕیار جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان زۆر خۆیان لە مامەڵەی ئەو دراوە نەدەن بۆ ئەوەی تووشی زەرەر و زیان نەبن.
هاوکات مەقسود حسێن خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر باسی ئەوەی کرد کە لەئێستادا خەڵکی زۆر روویان لە کڕینی لیرەی سووری کردووە، بۆیە بەهاکەی بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەو دراوە ئەگەری بەرز و نزمی زۆری لەسەرە، بۆیە ئەوانەی ئیشیان نییە، خۆیانی لێ نەدەن باشترە.
دوێنێ سیشەممە 13.5.2025 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگروتوەکانی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بۆ سعودیە رایگەیاند، سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرن و ئەمڕۆش لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری راگوزەری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری