"خۆڵبارین هیچ گەشتێکی دوانەخستووە"

جموجۆڵ لە فڕۆکەخانەی هەولێر ئاساییە و گەشتەکان بەردەوامە

شۆڕش قادری

هەرچەندە دوو رۆژە خۆڵبارین باڵی بەسەر ئاسمانی هەولێر و چەند ناوچەیەکی کوردستاندا کێشاوە، بەڵام جموجۆڵ لە فڕۆکەخانەی پایتەخت ئاساییە و گەشتەکان وەک خۆی ئەنجام دەدرێت.

ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە 964ـی وت، “خۆڵبارین هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گەشتەکانمان نەبووە و جموجۆڵ لە فڕۆکەخانەکەمان وەک رۆژانی رابردوو ئاساییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ گەشتێک بەهۆی خۆڵبارینەوە دوا نەکەوتووە و گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوامە.

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و لە کەرکوک و هەندێک شوێنی دیکە ژمارەیەک هاوڵاتی رەوانەی نەخۆشخانە کراون.