گەرمیان

زۆربەی دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان كاریان دەستناكەوێت

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

بە بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، سەرجەم پرۆژە کشتوکاڵیەکان دەبێت دەرچوویەکی بەشە کشتوکاڵییەکان وەک سەرپەرشتیار دابنێن، ساڵی 2023 لە گەرمیان خولی شیاندن کرایەوە بەشێکی کەمیان کاریان دەستکەوتوە، ئەمساڵیش جارێکی دیکە خولەکە دەکرێتەوە.

لە ساڵی 2023 لە گەرمیان 644 کەس لە دەرچوی بەشە جیاوازەکانی کشتوکاڵ بەشداری خولەکەیان کرد و 562 کەسیان توانیان خولەکە بەسەرکەوتویی تەواوکەن.

ستار عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ى وت،” تا ئێستا تەنیا 57 کەسیان لە کۆی 562 کەس کاریان دەستکەوتوە، لە بەشێک لە پرۆژەکان وەک سەرپەرشتیار دامەزراون”.

“پرۆژە کشتوکاڵییەکانی سنوری گەرمیان ژمارەیان لەوە زیاترە، بەڵام لە کاتی تازەکردنەوەی گرێبەستەکانیان ناچار دەکرێن یەکێک لەو دەرچووانە دابنێن، بەشێک لەو پرۆژانەش دەڵێن، بۆمان دەرناھێنێت و نایەن گرێبەستەکانیان تازە بکەنەوە، بەشێکی دیکەشیان گرێبەستیان بەسەرنەچووە جارێ”، ستار عەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد،”ئەو خوێندکارەی لەو پرۆژانە دەستبەکار دەبێت، مافی نافەوتێت لە دامەزراندنی گشتی، ھەرکات لە کەرتی گشتی دامەزرا ئەوا خزمەتەکەی بۆ دەگوازرێتەوە سەر کەرتی گشتی و دەبێت دەستبەرداری سەرپەرشتیارییەکەی ببێت و کەسێکی دیکە دەچێتە جێگاکەی”.

ستار عەلی وتیشی،”ئەمساڵیش بۆ جارێکی دیکە ئەو خولە دەکەینەوە بۆ دەرچوانی بەشە کشتوکاڵییەکان، ئەوانەشی لە خولەکەی پێشوو دەرەجەی پێوستیان نەھێناوە بۆ دەرچوون، دەتوانن جارێکی دیکە بەشداری بکەنەوە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دەرچووانى بەشى کشتوکاڵ ئاگادار دەکرێنەوە

دەرچووانى بەشى کشتوکاڵ ئاگادار دەکرێنەوە