لە هەولێر.. خانووە زێدڕۆکان تاپۆ دەکرێن و زەوی کارتیش دەکرێنە سەنەد
+964
فەرمان سادق
بۆ نەهێشتنی رۆتین لەبەردەم کردنە سەنەدی زەوی کارت و تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ، هەروەها گرفتەکانی ناوچەی بەفرزۆن، بەئامادەبوونی وەزیرانی داد و شارەوانی، حکومەتی خۆجێی هەولێر کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 13.2.2023، لەدیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا بڕیاردرا بەزووترین کات خانووە زێدەڕۆکان تاپۆ بکرێن، رۆتینی بەردەم کارەکانیان نەهێڵدرێت.
لەسنووری پارێزگای هەولێر، 143 هەزار زەوی کارت هەیە، لەم ژمارەیەدا لەساڵی 2013 تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی 2021 نزیکەی 133ـیان کراونەتە سەنەد.
کۆبوونەوەکە بەسەرۆکایەتی فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد و و ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، سەبارەت بە کەمکردنەوەى رۆتین لە دام و دەزگاکان و رایکردنى کاروبارەى هاوڵاتییان و یەکلایکردنەوە و راایکردنی مامەڵەکانى تاپۆکردنى خانووە زێدەڕۆکان و کۆتایی هێنان بەرێکارە یاسایی و هونەرییەکانى پڕۆسەى گۆڕینى کارت بۆ سەنەد، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەئایندەیەکی نزیکدا بەتەواوی کۆتایی بهێرنێت بەرێکارە یاسایی و هونەرییەکانى سەرجەم ئەو کارتانەى کە ماون بۆ ئەوەی بکرێن بە سەنەد.
لەبارەی خانووی زێدەڕۆش، بڕیاردراوە هەرچی زووە کۆتایی بەو دۆسیەیەش بهێنرێت، هاوکات لەبارەی کێشە و گرفتەکانى ناوچەی بەفرزۆن بە تایبەتى گەڕەکەکانی (تەعجیل، عەرەب، خانەقا)، لەو بارەیەشەوە گفتوگۆ لە بارەى ئیستیملاككردنی خانووەکانی ئەوگەڕەکانە و كێشه هونەرى و کارگێرى و یاساییەکانی کرا.