ماوەی تاپۆکردنی خانووی زیادەڕۆ درێژ دەکرێتەوە

خانووی زیادەڕۆ – فۆتۆ/ رووداو

میدیازان – فەرمان سادق

هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگاکەی کوردستان داواکارییان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی تاپۆکردنی خانووی زیادەڕۆ. 

 رۆژی ٩ی ئەیلول دواهەمین رۆژ بوو بۆ ئەو کەسانەی دەیانویست خانووە بێتاپۆکانیان تابۆ بکەن، هەندێ کەس ماون فریای ئەو پرۆسەیە نەکەوتن، چل و پێنج رۆژیش زیاترە مامەڵە لەکەس وەرنەگیراوە، هەموو ئەو کەسانە هیوایان بەوەیە پەرلەمان بەقسەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات و دەرفەتێکی تریان بداتێ، چونکە بەس پەرلەمان ئەو دەسەڵاتەی هەیە. 

لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی لەپەرلەمانی کوردستان بۆ میدیازان ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆک داواکارییەکی لەو شێوەیان ناردووەو هەموو ئەندامانی لیژنەکەی ئەوانیش دڵیان بەو درێژکردنەوەوەیەو دەنگیان پێداوە.

پێشتر لوقمان وەردی بە میدیازانی راگەیاندبوو کە سەرووی ٣٥٠ هەزار زەوی و خانووی زیادەڕۆ لە کوردستان هەیە، بۆ ئەمەش وەزارەتی شارەوانی رێنمایی و لیژنەی تایبەتی پێکهێنا بۆ وەرگرتنی مامەڵەی خاوە زەوی و خانووە زیادەڕۆکان.

“چاوەروانی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانین تا یاسایەکە جارێکی تر هەموار بکەنەوە”

لە رێنماییەکەی وەزارەتی شارەوانی داوا لە خاوەن خانووەکان دەکات کە سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زیادەڕۆ لە پێش ڕێکەوتی ٣١/١٢/٢٠٢٠  دروستکراون، پێویستە کەسی زیادەڕۆکار داواکارییەک پێشکەشی یەکە ئیدارییەکەی لە قایمقامییەت و ناحییەکان بکات بۆ راییکردنی کاروبارەکانی.

لوقمان وەردی، باسی لەوەشکرد کە چاوەروانی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانن تا یاسایەکە جارێکی تر هەموار بکەنەوە.

یاسای تاپۆکردنی زەوی و خانووی زیادەڕۆ، جاری یەکەم بە یاسای ژمارە ٣ لە ساڵی ٢٠١٩ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، دوای نارەزایەتی لەسەر نرخی زەوییەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە کە لە یاسایەکەدا هاتووە، ساڵی ٢٠٢١ بە یاسای ژمارە ٧، هەموار کرایەوە بە جۆرێک خانووی زیادەڕۆ زەوییەکەی بە ٥٪ـی نرخی خۆی لە بازاڕدا بەخاوەنەکەی دەفرۆشرێتەوە، ئەو نرخەش لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەت و ناحییەکان دەستنیشان دەکرێت.