"هەزار نوسخەی لێ چاپ کراوە"
کتێبێ گەوهەری ناو سەدەف تایبەت بە ژیانی وریا حەمەکەریم بڵاوکرایەوە
شۆڕش قادری
کتێبێ گەوهەری ناو سەدەف کە تایبەتە بە ژیانی رۆژنامەنووسی کۆچکردوو، وریا حەمەکەریم، لە هەڵەبجە بڵاوکرایەوە.
کتێبەکە باس لە ژیانی کۆمەڵایەتی و وێستگە جیاوازەکانی کارکردن، وێنە، وتار و ئەو دۆکیۆمێنتانە دەکات کە لە کاتی مەرگی وریا حەمەکەریم، بۆی نووسرابوون و ئارام شەمێرانی نووسەر لە ماوەی مانگێکدا ئامادەی کردووە و هەزار نوسخەی لێ چاپ کردووە.
دەربارەی گرنگی کتێبەکە ئارام شەمێرانی بە 964ی وت، “گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە وەک کتێبێکی بەڵگەنامەییە لەسەر ژیان و کارەکانی وریا، یەکەمجارە کتێبێکی هاوشێوە لەسەر ژیانی رۆژنامەنووسێک ئامادە و چاپ بکرێت”.
کتێبەکە نافرۆشرێت و دەبەخشرێت، ئەمڕۆ چەند دانەیەکی بەخشرا بە ئامادەبووانی مەراسیمەکە وەک خانەوادەی وریا حەمەکەریم و هاوڕێیانی و کەسایەتیەکانی هەڵەبجە و هەفتەی داهاتووش لە سەیدسادق بڵاودەکرێتەوە.
شەمێرانی هیواشی خواست، سپۆنسەرێک پەیدا ببێت بۆ ئەوەی چاپی دووەمی کتێبەکە لەئەستۆ بگرێت.
سەربەبەیانى رۆژى 6.2.2025، وریا حەمە کەریم پەیامنێر و پێشکەشکاری کەناڵی NRT، بە رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای عەربەت – سلێمانی، گیانی لەدەستدا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری