نێچیرڤان بارزانى

“پێشوازى لە بڕیارى پەکەکە دەکەم بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک دانان”

964+

وریا فەتاح

هەرێمى کوردستان لە رێگەى سەرۆکەکەیەوە، پێشوازى لە بڕیارەکەى پەکەکە دەکات بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان.

نێچیرڤان بارزانى لە پەیامێکدا بڵاوى کردەوە،”پێشوازی لە بڕیاری PKK بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چوونی بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجالان دەکەین و بە هەنگاوێکی چارەنووسسازى دەزانین کە لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە”.

دەشڵێت: ئەم هەنگاوە نيشانه‌ى پێگەیشتنی سیاسييه‌ و رێگە بۆ دیالۆگێکی راستەقینە دەکاتەوە کە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە تورکیا و سەرتاسەری ناوچەکە بەهێز دەکات.

“ئێستا كاتى ئه‌وه‌يه‌ و هه‌مووان چاويان له‌وه‌يه‌ ئەم هەنگاوە گرنگه‌ بە هەنگاوی ديكه‌ى ئەرێنی و پێويست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵام بدرێتەوە”، سەرۆکى هەرێم وادەڵێت.

ئاماژەى بەوەشکردووە، هەنگاوەکە‌ زەمینەیەکی دروست و گونجاو ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ و ده‌بێته‌ بنەمای ئاشتییەکی هەمیشەیی و گشتگیر کە کۆتایی بە دەیان ساڵ له‌ توندوتیژی و ئازار و مه‌ينه‌تى دەهێنێت و ناوچەکە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشکەوتن دەبات.

سەرۆکى هەرێم وێڕاى ستایش و پێزانین بۆ رۆڵى ئەردۆغان لە پشتگیریکردن و هەوڵەکانى بۆ سەرخستنى پڕۆسەکە، جەختیش دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ پشتگیريی هه‌موو هەوڵێك‌ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەکات.

هەر لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانى هیواى خواستووە و ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە.

ئامادەیى هەرێمى کوردستانیش دەردەبڕێتبۆ به‌رده‌وامی له‌ پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە يارمه‌تى و هاوكارييه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویيیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕؤ دووشەممە 12.5.2025، پەکەکە دەرەنجامى کۆنگرەى 12 راگەیاند و بریاریدا خۆى هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.

پەکەکە لە کوێ و چۆن چەکەکانى دادەنێت

پەکەکە لە کوێ و چۆن چەکەکانى دادەنێت