به‌رزى رێژه‌ى شێ هۆكاره
گه‌رماكه‌ى ئه‌مڕۆ و دوێنێ نمه بارانى به دواوه‌یه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی له گه‌رماكه‌ى دوێنێ و ئه‌مڕۆى زۆربه‌ى ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وردبووه‌ته‌وه، ده‌ڵێت به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى شێ هۆكاره‌كه‌یه‌تی و له‌دواى ئه‌م گه‌رمیایه‌ش هه‌ر ئه‌و شێیه نمه‌باران دروستده‌كات.
شاڵاو هیدایەت، شاره‌زاى كه‌شناسی و له سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین داده‌نیشێت، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، هەرچەند تۆپەڵە هەوای گەرمی خەماسینی باکوری ئەفەریقی لەسەر ناوچەکەیه، بەڵام گه‌ر ئەم شێیە نەبوایه و هەوریش لە ناوچەکە دروست نەبوایە، بەو شێوەیە گەرمی بێزارکەر و هەستپێکراو بوونی نەدەبوو.
ده‌شڵێت “لە دوێنێوە هەست بە گەرمایەکی بێزارکەر دەکەم وەک ئەوەی هاوین بێت کە ئەمەش هۆکاری ئەو شێیە بەرزە و دروستبوونی هەورە کە ئەمەش بارانی بەدواوەیە، چەندی رێژەی شێ زیاتر بێت لە هەوادا هەستکردن بە گەرما زیاتر دەبێت”.
ئەمرۆ لە ئیدارەی راپەرین بە زۆری پلەکانی گەرما 35 بۆ 37 پلەیە بەڵام لەبەر ئەوەی رێژەی شێ بەرزە هەستکردن بە گەرما لەو پلانە زیاترە ئه‌و خۆى هەست بە پله‌ى 40ـى گه‌رمى دەکات.
روونیده‌كاته‌وه، کاتێک پلەی گەرما تاوه‌كو 37 بێت و رێژەی شێ کەم بێت ئەوا عارەقکردنەوە لە جەستەی مرۆڤدا روونادات، بەڵام گەر لەسەرووی 37 بێت رێژەی شێ کەمیش بێت عارەقکردنەوە روودەدات و هەست بە گەرما بە تەواوی ده‌کەیت یان پلەی گەرما 37 و کەمتریش بێت کە شێ بەرز بێت ئەوا عارەقکردنەوە و گەرمای بێزارکەر دەبێت، وەکو ئه‌وه‌ى ئەمرۆ و دوێنێ له زۆربه‌ى ناوچه‌كان هەستی پێدەکرێت.
ئه‌مه‌ى رووده‌دات ئاماژه‌یه‌كه بۆ پێش باران بارین، له‌گەڵ چڕبوونەوە و بارینی باران وردە وردەش ئەو شێیەش کەمدەبێتەوە و بارودۆخەكه ئاسایی دەبێتەوە، كه بە زۆری ئەو حاڵەتە لە وەرزی بەهاران و هاویندا بەدی دەکرێت.