پار سەرڕێژی کرد
بەنداوی حەمامۆک خەریکە وشک دەکات؛ باراناوە و کانیاوەکانی نەماون
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
کەمیی باران و وشکەساڵی ئەمساڵ، زۆرێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی وشک یان کەمئاو کردووە، بەنداوی حەمامۆک یەکێکە لەو بەنداوانەی قەزای کۆیە کە ساڵی پار سەرڕێژی کرد، بەڵام ئەمساڵ نزیکە لە وشکبوون و بە قوڵی 14 مەتر لە سەرڕێژەکەیەوە، ئاو لەو بەنداوەکە کەمی کردووە و قوڕ و لیتە دایپۆشیوە.
بەنداوەکە ساڵی 2010 لە نێوان دوو شاخی گەورە لە چیای باواجی لە نزیک گوندی حەمامۆکی کۆیە دروستکراوە، تا ئاستی سەرڕێژبوون نزیکەی 250 هەزار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، سەرچاوەی بەنداوی حەمامۆک، باراناو و ئەو کانیاوانەیە کە لە سەرەوەی بەنداوەکەن.
نەوا محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداو و ئاودێریی کۆیە، بە 964ـی وت، “وشکەساڵی و بێبارانی بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی حەمامۆک، ساڵی پار بەنداوەکە سەرڕێژی کرد، بەڵام ئەمساڵ خەریکە بەنداوەکە وشک دەبێت، بە جۆرێک بە قوڵی 14 مەتر ئاستی ئاوەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزیوە، کە خۆی لە ئاستی سەرڕێژبوون قوڵییەکەی 23 مەترە، ئەو ئاوەشی کە ماوەتەوە بە هۆی ئەوەی قوڕ و لیتەیەکی زۆری لەگەڵە، نازانرێت قەبارەکەی بە دیاریکراوی چەندە، بەڵام ئەوەندە نییە کە دڵمان پێی خۆشبێت”.
وتیشی، بەنداوەکە سوود لە ئاوی بارانی زستان و ئەو کانیاوانە وەردەگرێت کە لەسەرەوەی بەنداوەکەن و دەڕژێنە ناوییەوە، وشکەساڵی کاریگەری کردووەتە سەر کارێز و کانیاوەکانیش و هەندێکیانی وشککردووە.
بەنداوی حەمامۆک بەمەبەستی کۆکردنەوەی ئاو و سوودبینی جوتیارانی دەورووبەری گوندی حەمامۆک دروستکراوە کە بۆ ئاژەڵداری و ئاودانی باخەکانیان کەڵکی لێوەردەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا سروشتێکی جوانی بە ناوچەکە بەخشیوە و هەموو ساڵێک گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری