"10 وەرەقە بێنە و دوو ئۆتۆمبێل بکڕە"
ئۆتۆمبێل بە نرخی تەسبیح و هیچ کێشەیەکیشی نییە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لەسەر رێگای هەولێر – مەخمور پێشانگایەکی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان هەیە کە هەرزانترین ئۆتۆمبێلەکانی لایە و ئۆتۆمبێلی لێیە، بە تەسبیحێک دەتوانی بیکڕێ و نرخەکەی تەنیا 300 دۆلارە.
وشیار شێخ مەموند خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێل بە 964ـی وت، هەموو ئۆتۆمبێلەكان كارتی حكومەتیان لەگەڵە و كێشەی كاركردنیان نییە، نرخەکەشیان لە 300 دۆلارەوە دەستپیدەکات و ئەگەر تەنیا هەزار دۆلارت پێبێ، دوو ئۆتۆمبێل و زیاتریشی پێدەکڕی.
داوایشی لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، هاوشێوەی بڕیاری تۆمارکردنی تاکسی نوێ، بڕیارێکیش بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە کۆنانە دەربکەن.
هاوکات مام سەڵاح کە 25 ساڵە کڕینی و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات و ئەزموونێکی باشی لە بوارەکەدا پەیدا کردووە، وتی، “ئۆتۆمبێلیان هێناوە، 150 هەزار دینارمان داوە بە خاوەنەکەی، رازی نەبووە و بمانکردایە بە 200 هەزار دینار، قایل دەبوو و دەیفرۆشت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بازاڕە چەندین جار ماتۆڕسکیل بە ئۆتۆمبێل گۆڕدراوەتەوە و مامەڵەیان پێوەکراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری