پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر - وێنە: KRG
تا مانگی حەوت ئاو دەگاتە چەند گەڕەکێک
90٪ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە
964+
شۆڕش قادری
90٪ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە و بڕیارە تا سەرەتای مانگی حەوتی ئەمساڵ ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە بگاتە چەند گەڕەکێک.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگاری هەولێر، ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە کۆتایی مانگی شەش یان سەرەتای مانگی حەوت، دەگاتە گەڕەکانی هەشتی حەسارۆک، دارەتوو، قەتەوی، بنەسڵاوە، باغولمنارە و ژیان و بەگشتی، گەڕەکەکانی سنووری شارەوانی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێدەگات.
ئاماژە بەوەشکراوە، کارەکان زۆرباش بەڕێوەدەچن، کاری شارستانیی 90%ـی تەواو بووە، کاری میکانیکی و کارەباییش زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچن و زۆرینەی ئامێرە پێویستییەکان کڕدراون.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاتژمێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
چەند ساڵێکە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر لە هاویندا کێشەی کەمئاوییان بۆ دروست دەبێت، بۆ بنبڕکردنی کێشەکە، 08-09-2024، بهردى بناخهى پڕۆژهى فرياگوزاریی خێراى ئاوى ههولێر، بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار دانرا و بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت.
ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، زۆرینەی بیرەکان دابخرێن.