دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان - وێنە: دەستەی دەروازەکان
هەموویان خوارمۆدێل بوون
25 ئۆتۆمبێل بۆ قاچاخچێتی دەهێنرانە عێراق پێیان زانرا
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەستبەسەرداگرتنی 25 ئۆتۆمبێلی مۆدێلی رێگەپێنەدراوی بۆ هاوردەكردن لە بەندەری ئوم قەسری ناوەڕاست راگەیاند.
ئێستا لە دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، مۆدێلەکانی ساڵی 2023-2024-2025 رێگەپێدانی بۆ دەکرێت بێتە وڵاتەکەوە.
وتەبێژی دەستەكە، عەلائەدین قەیسی لە بەیاننامەیەكدا كە 964 بینوویەتی دەڵێ، بەڕێوەبەرایەتی بەندەری ئوم قەسری ناوەڕاست، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئوم قەسر، توانی دەست بەسەر پێنج كۆنتێنەردا بگرێت.
ئەو کۆنتێنەرانە، کە قەبارەیان 40 پێ بووە، 25 ئۆتۆمبێلی تێدابووە، بەبێ ئەوەی مۆدێلەکانیان رێگەپێدراو و لەگەڵ رێنماییەکانی هاتنە وڵاتەوە گونجاوبێت، وە ئامادەكرابوون بۆ قاچاخچێتی.
لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەندەرەکە پێكهێنراوە، وتەبێژەکە دەڵێ، راپۆرتی فەرمی دەستبەسەرداگرتن ئامادەكراوە، هەروەها ئۆتۆمبێلەكان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كران بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی گونجاو بگرنەبەر.