فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەیەکى هیندستان بەرز دەبێتەوە
32 فڕۆکەخانەى مەدەنى راگیران
خەریکە شەڕى هیند و پاکستان دەبێت بەڕاست
964+
وریا فەتاح
دوێنی گرژییەکانى نێوان پاکستان و هیندستان زۆرترین پەرەسەندنى بەخۆیەوە بینى و هەردوولا لەسەر سنوورەکانى یەکترى ناوە ناوە بە درۆن و موشەک بەیەکتریاندا دەکێشا.
ڕۆژنامەی تایمزی هیندستان پشتبەست بە زانیارى بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی (DGCA) بڵاویکردەوە، دەسەڵاتداران تا 15ـی ئایار چالاکییەکانیان لە 32 فڕۆکەخانەی مەدەنی راگرتووە.
بەپێى رۆژنامەکە بێت، چەند شارێکی ویلایەتی پەنجاب و راجستانی هیندستان کە هاوسنوورن لەگەڵ پاکستان، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کراوەتە سەر کە لە پاکستانەوە سەرچاوەیان گرتووە.
هەروەک بەهۆى ئەو بەریەککەوتنانە، پچڕانی کارەبا و دەنگى رادار و تەقینەوە لە شارەکانی جایسالمێر لە ویلایەتی راجستان و پاتانکۆت لە پەنجاب تۆمارکراوە.
هەروەک ئاشکراى کردووە، لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان، بۆ یەکەمجار لە شاری ئەمریتسار تەقینەوە هەبووە ئەوەش دواى ئەوەى فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.