جیاوازییەکی بەراورد بە هەفتەی پێشوو بزانە

داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 10 ملیار دینارە

شۆڕش قادری

داهاتی نانەوتی ئه‌م هەفتەیه‌ى هەردوو پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە زیاتر لە 10 ملیار و 436 ملیۆن دینارە و بەراورد بە هەفتەی پێشوو زیاتر لە چوار ملیار دینار زیادیکردووە.

بەپێی نوێترین داتای ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتیی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە 3.5.2025 تا ئەمڕۆ هەینی 9.5.2025، بڕی 10 ملیار و 436 ملیۆن و 310 هەزار و 130 دینارە، لەکاتێدا هەفتەی پێشوو، بڕی شەش ملیار و 81 ملیۆن و 942 هەزار و 800 دینار بوو.

وەک ماڵپەڕەکە ئاشکرایکردووە، لە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی حەوت ملیار و 406 ملیۆن و 66 هەزار و 780 دیناری بە شێوەی نەختینە و سێ ملیار و 30 ملیۆن و 243 هەزار و 350 دیناریشی چەکە.

ماڵپەڕی شەفافییەت تایبەتە بە ئاشکراکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.

ئەو بڕە داهاتە لەمانە بەدەستهاتوون: دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگەی ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان.