هەموو تیمەكانی شارەوەانی كەوتنە ئامادەباشیەوە
هەڵمەتێكی گەورەی پاكردنەوە بۆ خاسەی كەركوك ئەنجامدرا
964+
محەمەد فاتیح
لە بەردەوامی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پاك و خاوێن راگرتنی شاری كەركوك، ستاف و تیمەکانی خزمەتگوزاری شارەوانی، لە هەڵمەتێكدا کەناری رووباری خاسەيان پاكردەوە.
عەدنان رەشید بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی كەركوك بە 964ـی وت، “لە كەرتی سێی شارەوانی ئەنجامدراوە و لە چوارچێوەی ئەو ئیش و ئەركانەی تیمەكانیان رۆژانە ئەنجامیان دەدەن و هەڵمەتەكە لە بەرەبەیانیەوە دەستیپێكرد و ئەگەر پێویست بكات درێژەی پێدەدەین”.
پاكردنەوە
ئەو دەڵێت، ” ئێمە كۆمەڵێك كرێكارمان هەیە دابەش كراوونەتە سەر كەرتەكان، بەڵام ئەمڕۆ هەموو كرێكارەكانی كەرتەكە بە كرێكارە زیادەكانیشەوە هەر هەموویان خرانە حاڵەتی ئامادەباشیوە تاكو كەناری رووباری خاسە پاكبكەنەوە، چونكە زبڵ و خاشاكێكی زۆری لێكۆبووەتەوە بەهۆی ئەوەی خەڵێكێكی زۆر بە شێوەیەكی نایاسایی لەوێ زبڵ و خاشاك فڕێدەدەن”.
گەورەترین هەڵمەتی پاكردنەوەی شاری كەركوك له 1.2.2025 دەستیپێكرد و پارێزگاريش داوای لە دانیشتوانی شارەكە كرد هەر كەسێك لایخۆیەوە بەشداری له هەڵمەتەكەدا بكات.