زبڵخانەی کانی قرژاڵە دەکرێت بە باخچەیەکی گشتی و دارستانێکی جوان - وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر
دوای دروستکردنی کارگەیەکی ریسایکلین
زبڵخانەی کانی قرژاڵە دەکرێت بە باخچەیەکی گشتی و دارستانێکی جوان
964+
شۆڕش قادری
زبڵخانەی کانی قرژاڵە ئەو شوێنەی هەموو رۆژێک چەندین تۆن زبڵ و خاشاکی هەولێری بۆ دەچێت، دەکرێت بە باخچەیەکی گشتی و دارستانێکی جوان.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری ژینگەپارێزیی هەولێر بە 964ـی وت، لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ چالاکی گرنگ لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە ئەنجام دراون، چالاکییەکانیش ئەمانەن؛
- تیمەکان لە هۆبەی ژینگەپارێزی بەردەوامن لەسەر ئەنجامدانی شیکاری خۆڵ و خاشاک، بە ئامانجی زانینی رێژەی سەدی پێکهاتەکانی وەک، (خۆراک، پلاستیک، ئاسن، کارتۆن).
- دانانی سیستەمی ئاودانی پێشکەوتوو بۆ ئەو دارانەی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا چاندراون.
- کاری نۆژەنکردنەوەی قەپان ئەنجام دەدرێت، بۆ وردتر چاودێریکردن و باشتر بەڕێوەبردنی پرۆسەی کێشانی ئەو زبڵ و پاشماوانەی دەبرێنە زبڵخانەی کانی قرژاڵە.
ژیار جەلال ئاشکراشی کرد، پلانیان هەیە کارگەیەکی ریسایکلین بەرامبەر زبڵخانەی کانی قرژاڵە دروست بکەن و دوای تەواوبوونی کارگەکە، زبڵخانەکە دادەخرێت و دەکرێت بە باخچەیەکی گشتی و دارستانێکی جوان و ئەو شوێنە لەگەڵ ژیان و سروشت و کۆمەڵگا ئاشت دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا نزیکەی 300 دار و نەمام لە دەورووبەری زبڵخانەکە چێندراون و بەردەوامیش دەبن لە نەمام چاندن لەو شوێنە.