دەنگۆیەکە بووە راست

“ورچەکەی باڵەکایەتی کوژراوە”

+964

ئاکام غەفور-سۆران

ورچێک لە دۆڵی باڵەیانی سنووری ناحیەێ قەسرێ کوژراوە، شوێنەواری فیشەک لەسەر جەستەی هەیە.

دوێنێ شەو لەلایەن هاوڵاتیان و ژینگەدۆستانەوە هەواڵ بە 964 درا، کە ورچێک لە دۆڵی باڵەیانی باڵەکایەتی کوژراوە، ئەمڕۆ فەرمانگەی ژینگەی سۆران هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بە 964ـی وت، “لە دوای ئەوەی لە رێگای 964 ئاگادار کراینەوە لە کوژرانی ورچێک، بەدواداچوونمان کرد و دەرکەوت راستە ورچەکە کوژراوە”.

وتیشی، ورچەکە لە گوندی زەنگەلین کوژراوە کە کۆتا خاڵی هەرێمی کوردستانە و هاوسنورە لەگەڵ ئێران، ناوچەکە بۆشایی ئەمنییە، بۆیە ناتوانن لاشەی ورچەکە بێننەوە.

فەرمانگەی ژینگە دەشڵێت، ئەو ورچە لە جۆری ورچی قاوەییە، کە یەكێکە لە ورچە زۆر دەگمەنەکان لە جیهاندا، ئەگەر تاوانباری کارەکە دیاربێت ئەوە سزاکەی پێبژاردنە بە 20 ملیۆن دینار.

ئەمە دووەمجارە ورچی قاوەیی لە باڵەکایەتی دەکوژرێت و لە 13.8.2024 لە کوێستانەکانی پرژە بەهەمان شێوە ورچێکی قاوەیی بە کوژراوی دۆزرایەوە، تا ئێستاش ئاشکرا نەبووە كێ ورچەکەی کوشتووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

964 به‌دواداچوونى بۆ كوشتنى ورچێكی دیكه‌ له‌ كوێستانه...

964 به‌دواداچوونى بۆ كوشتنى ورچێكی دیكه‌ له‌ كوێستانه‌كانى باڵه‌كایه‌تى ده‌كات