گرافیک؛ 964+
دیمه‌نێكی ناشارستانی و قه‌ڵه‌باڵغیان دروست كردووه
شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه شوێنكاره‌كانى كه‌لوپه‌لى بیناسازى ده‌گوازێته‌وه ده‌ره‌وه‌ى شار
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له هه‌ڵه‌بجه شاره‌وانى خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ى ئه‌و شوێنكارانه‌یه كه كه‌لوپه‌ل و کەرەستەی بیناسازی ده‌فرۆشن، چونكه ده‌ڵێت، سیماى ناو سه‌نته‌رى شاریان نه‌گونجاو كردووه و قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆریان دروستكردووه.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە ئاگاداری ئەو شوێنكارانەى كردووه‌ته‌وه سەردانیان بكه‌ن بەمەبەستى ئامادەکارى بۆ گواستنەوەى دوکانەکانیان بۆ ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریکراوە.
سه‌لام بیلال، سه‌رۆكى شاره‌وانیى هه‌ڵه‌بجه به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌و شوێنه‌ى بۆ ئه‌م شوێنكارانه دیاریكراوه لە ناوچەی پیشەسازییه‌و ئه‌و شوێنه شیاوتره بۆ كاره‌كانى ئه‌وان.
وتیشی “زۆربه‌ى خاوه‌نى ئه‌م دوكانانه پێشتر زه‌ویان وه‌رگرتووه له ناوچه‌ى پیشه‌سازی، بۆیه ئێستاش پێویسته كاره‌كانیان ببه‌نه ئه‌و شوێنه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، بوونى ئه‌و شوێنكارانه له‌ناو سه‌نته‌رى شار ناشارستانییه و كێشه‌و گرفتى هاتوچۆى دروستكردووه و چونكه له‌رێگه‌ى شۆفڵ و گه‌ڵابه و تراكتۆره‌وه كاره‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن ئه‌مانه‌ش قه‌ڵه‌باڵغیان دروستكردووه.
وه‌ك ئه‌وه‌ى شاره‌وانی ئاگادارى كردوونه‌ته‌وه، پێویسته خاوه‌نى ئه‌م دوكانانه له رۆژى 8.5.2025 سه‌ردانى شاره‌وانى بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى كارى یاسایی به‌مه‌به‌ستى گواستنه‌وه‌یان.