دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی - وێنە: 964
ئەمڕۆ هاتە خانەی 143 هەزار
ئەم سێ هۆکارە وایکرد سومعە بۆ دیناری عێراقی بگەڕێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەگەر 100 دۆلار بە پێنج هەزار دیناری بگۆڕیتەوە، 143 هەزار و 850 دینار و ئەگەر داوای 25 هەزار دیناری بکەیت بۆ هەمان بڕی دۆلار، 143 هەزار و 700 دینارت پێ دەدەن، ئەمە دۆخی ئەم ئێوارەی دینار و دۆلارە بەرامبەر بەیەک لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان.
ماوەیەکی زۆرە بەهای دینار ئەم گوڕ و تینەی ئەم ئێوارەی بەخۆیەوە نەبینیوە، 964 سۆراغی سومعەی دیناری کرد زۆرینەی نوسینگەکانی دراو لەسەر سێ هۆکار کۆک بوون، کە ئەمڕۆ دینار بەهای پێ بەرزبووەتەوە.
دەرکەوت، کەمبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕدا، خستنەڕووی دراوی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق و بەرزبوونەوەی بەهای تمەنی ئێرانی سێ هۆکاری سەرەکی بوون.
ئەوەش وایکرد، دینار پێگە و سومعەی خۆی کەمێک دەربخاتەوە و ئەمڕۆ بۆ هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر نەبێ بە 145 هەزار دینار و 144 هەزار دینار، بەڵکو لە خانەی 143 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
رەوەز میرزا، خاوەن نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بە 964ی وت، بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پەیوەندییان بتەوتر کردووە، ئەوەی ئێمە زانیومانە هەماهەنگی بەردەوام هەیە و رێگەپێدان هەیە بۆ خستنەڕووی دراوی دۆلار بە رێژەی زیاتر.
جگە لەوەی مەرجە وڵاتە قەدەغەکراوەکان دۆلاریان پێ نەگات، ئەو خاوەن نوسینگەیە وتی، ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دراوەکانیان بە تایبەت وڵاتی ئێران، تا رادەیەک خواست لەسەر دۆلاریش لەلایەن بازرگان و خواستراوان کەم بووەتەوە.