کەلار - رزگاری دەبەستێت بەیەکەوە
بەرزە پردەکەی کەلار کراوەتەوە بەڵام بەشی ژێرەوەی تەواو نەبووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەرزە پردی رێگای کەلار- ڕزگاری، دەبوو ساڵی 2022 تەواوبکرایە، بەڵام بەھۆی نەبوونی پارە دوێنێ یەک شەممە بەشی سەرەوەی پردەکە کرایەوە و دیار نییە کەی بەشی ژێرەوەی دەکرێتەوە.
پردەکە درێژیەکەی 825 مەترە، رێگای پشتێنەیی کەلار بە رێگای کەلار- رزگاری دەبەستێتەوە ئاستەنگی ھاتووچۆ لەو شەقامە کەمتر دەکاتەوە.
تێپەڕبوونی ئوتۆمبێلی بارھەڵگر بە ژێر پردەکەدا لەلایەن ھاوڵاتیانەوە قسەی زۆر لەسەر دەکرێت، دەوترێت نزمە و ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بەژێریدا تێناپەڕێت.
دلێر حسێن، بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە شارەوانی کەلار بە 964ـی وت، ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە پردەکە ھیچ گرفتێکی نییە لەڕووی بەرزییەوە، پردی ستاندارد بەرزیەکەی پێنج مەتر و 20 سانتیمە، بەڵام ئیمە بە بەرزی پێنج مەتر و 40 سانتیم دروستمانکردووە و زیاترە لەو ئاستە ستانداردە”.
“ئەم پردە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان نەکرابوو، لەلایەن وەبەرھێنەوە دروستکرا لەبەرامبەر وەرگرتنی پرۆژە بۆیە کارەکانی بەوجۆرە دواکەوت، بەھۆی تەواو نەبوونی بەشی ژێرەوەی کردنەوەی بەشی سەرەوەی پردەکەمان دواخست، بەڵام دوێنێ بەشی سەرەوەمان بەڕووی شۆفێران کردەوە”،دلێر حسێن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”ئێستا کۆمپانیای قەیوان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ تەواوکردنی بەشی خوارەوەی پردەکە، پێمان وتون دەستوبرد بکەن لە تاواوکردنی، بەڵام دیار نیە کەی تەواو دەبێت”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی
