وێنەى کۆمەڵێک مانگایە لە ناوچەیەکى تونس بەڵام وا بڵاوکرایەوە گوایە لە ئیسرائیلەوە پەڕیونەتەوە غەززە
گوایە رسقە و خوا بۆى ناردوون
فەیکە؛ ئەو هەواڵەى باس لە پەڕینەوە 200 مانگا دەکات لە ئیسرائیلەوە بۆ کەرتى غەزە
964+
وریا فەتاح
بڵاوبوونەوەى هەواڵى چوون و پەڕینەوەى 200 مانگا بۆ کەرتى غەزە بەهۆى ئاگرەکەى ئیسرائیلەوە دوورە لە راستیى و وێنەى ئەو مانگایانەى بڵاوکراونەتەوە وێراى ئەوەى کۆنن، غەزەش نییە و تونسە.
چەند رۆژێکە وێنەى کۆمەڵێک مانگا لە سۆشیال میدیاى عەرەبى و تەنانەت هەندێ میدیاى خۆشمان بڵاوبووەتەوە و واباس دەکرێت گوایە ئەو 200 مانگایە لە ئیسرائیلەوە بەرەو غەزە پەنایان بردووە.
میدیا و سۆشیال میدیاکان هەریەکە و بەجۆرێک ترش و خوێى ئەم بابەتەیان کردووە، هەندێ بە بەرەکەتى خودایان زانیوە و هەندێکیش بە موعجیزە، بەڵام هەرچۆنێک بێت بەهۆى ئەوەى ئێستا غەزە لە ژێر ئابلوقەدایە و خواردن و خواردەمەنى بە زەحمەت پێدەگات و دانیشتوانەکەى برسییە، هەواڵەکە جێى بایاخى خەڵکە و ئەو میدیایانەى فەیکەکەیان بە حسابى راستى بەخەڵک فرۆشتەوە، هەزاران لایک و کۆمێنتیان بۆ هات.
پێگەى Arabi Facts Hub کە پێگەیەکە بۆ چێککردنەوەى هەواڵە فەیکەکان، بەدواداچوونى بۆ ئەو هەواڵە کردووە و ساغى کردووەتەوە کە چوونى 200 مانگا بۆ غەزە فەیکە.
پێگەکە لە رێگەى گەڕانى گۆگڵ ئیمەیج وێنەکانى پشتڕاستکردووەتەوە و بۆى دەرکەوتووە وێنەى مانگاکان کۆنن و ساڵى 2018 بڵاوکراونەتەوە.
راستى بابەتەکە ئەوەیە، ئەکاونتێک بەناوى (سليمان بلاد العجائب) وێنەکانى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ 12.8.2018 دەگەڕێتەوە، وەک دیارە پەیوەندى بە بڵاوبوونەوەى مانگایە لە ناوچەیەکى تونس لەو کاتەدا نەک کەرتى غەزە.
پێگەکە زیاتر بەدواداچوونى کردووە و لەگەڵ رۆژنامەنوس و فۆتۆگراف عەبدولحەکیم ئەبو ریاش کە لە باکورى کەرتى غەزە دەژیت قسەى کردووە، لەبارەى ئەو 200 مانگایە لێى پرسیوە ئەو هەواڵە راستە؟، ئەبو ریاش لە وەڵامدا وتویەتى،”راست نییە، ئەو دەنگۆیانە لەلایەن چالاکوانانى سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بەتەواوی بێ بنەمایە”.
ئێستا لە غەزە دۆخى دانیشتوانى لەوپەڕى خراپیدایە، لەوکاتەوەى لە 3.2.2025ـەوە دەروازەکانى لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەر داخراوە، توشى کەمیى گۆشت و کەلوپەلى خۆراکى بووەتەوە، ئەوەشى هەیە زۆر کەمە و نرخەکەى زۆر بەرزە.