کرێکار دەتوانێت وەك فەرمانبەران خانەنشین بێت

958 کرێکار لە كوردستان موچەی خانەنشینی وەردەگرن

964+

محەمەد فاتیح

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، سندووقی دەستەبەری كرێكارانی كەرتی تایبەت بڕی سەرمایەكەی  1.341 تریلیۆن دینارە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.5.2025 لە ئامارێكدا كە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە بە فەرمی بڵاویكردووەتەوە هاتووه، ئێستا ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو گەیشتووەتە 193 هەزار و 768 کرێکار، لەو ژمارەیە 165 هەزار و 464ـیان کرێکاری ناوخۆیین و 28 هەزار و 300ـی دیکەش کرێکاری بیانیین و سەرجەمیان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.

روونیشكراوەتەوە، بە پێی یاسای هەموارکراوی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، ژمارە (39)ـی ساڵی 1971، دەبێت هەموو خاوەنکارێک لە رۆژی دەستبەکاربوونی کرێکار لە پڕۆژەکەی، دەستەبەری بکات و ناوی کرێکارەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران تۆمار بکات، هەروەها دەبێت خاوەنکار دوای تەواوبوونی هەر مانگێک لە کارکردنی کرێکار، (17٪)ـی موچەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دابنێت، بە جۆرێک 5٪ لە موچەی کرێکار دەبڕدرێت و (12٪)یش لە ئەستۆی خاوەنکارەکە دەبێت.

“بە گوێرەی یاسای کار و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، هەر کرێکارێک ئەگەر دەستەبەر بکرێت دەتوانێت وەك فەرمانبەرانی حکومی خانەنشین بێت و ئێستا لە هەرێمی کوردستان 958 کرێکار دوای دەستەبەرکردنیان لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت خانەنشین بوون و مانگانە بەبێ دواکەوتن موچەکانیان وەردەگرن، بەشێكی زۆری کرێکارانیش دوای دەستەبەرکردنیان و دەستلەکارکێشانەوە لە کارەکانیان، پاداشتی کۆتایی خزمەتیان وەرگرتووە، تەنیا لە ساڵی 2024، هەزار و 49 کرێکار نزیکەی 34.5 ملیار دیناریان وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت وەرگرتووە”، وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

حکومەتی هەرێم دەڵێت بە گوێرەی یاسای کار و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، سندووقێکی تایبەتی بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران داناوە، کە پاداشتی خزمەتی کرێکاران و موچەی خانەنشینیان لە رێگەی ئەو سندووقەوە پێ دەدرێت و ئێستا سەرمایەی سندووقەکە 1.341 تریلیۆن دینارە.