19 شوێن داخراون
تۆنێک گۆشتى سوور دەستى بەسەرداگیرا
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
لیژنەى بەدواداچوونى بازاڕ لە قایمقامییەتى دهۆک، دەستیگرت بەسەر یەک تۆن گۆشتى سورى خراپبوو کەشیاوى خواردن نەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 2025.4.27، لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە قایمقامییەتى دهۆک، سەردانی ژمارەیەک فرۆشگای گوشتی سووریان کردووە و دوو شوێنیان سزاداون.
ملەت زکری، سەرۆکى لیژنەکە قسەى بۆ 964 کردوو دەڵێت،”ئەو شوێنانە پابەندى رێنماییەکان نەبوون، یەکێکیان لەبەرچاوى کڕیاران گۆشتەکەیان پارچەپارچە نەکردووە، ئەوەیان بە بڕێک پارە سزادراوە، بەڵام لە فرۆشگایەکى دیکە دەستمانگرت بەسەر یەک تۆن گۆشتى سوور کە ماوەیەکى زۆربوو هەڵیانگرتبوو و شیاوى خواردن نەبوو”.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی خوپاراستنی تەندروستی لە پارێزگای دهۆک، لەماوەی هەفتەیەک دا، واتا لە 18 بۆ 24ـى ئەم مانگە، 32 شوێنى جیاواز سزادراون و لەو ژمارەیە 19 شوێنیان بەهۆى پابەندنەبوون بە رێنماییەکان، داخراون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح