قەزای بازیان
1250 مێگاوات کارەبا زیاد دەکات
گرێبەستێک بۆ پەرەپێدانی وێستگەی کارەبای بازیان واژۆ کرا
964+
ژووری هەواڵ
لە سلێمانی گرێبەستێک لەنێوان کۆمپانیاى تۆڕەس ئێنرجى و جەنەڕاڵ ئەلیکتریکى ئەمریکى واژۆ کرا بۆ پەرەپێدانی وێستگەی کارەبای بازیان کە دەتوانێت “بڕى هەزار و 250 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕى کارەباى هەرێمى کوردستان زیاد بکات”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27.4.2025، لە رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا، هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم گرێبەستە هەنگاوێکی نوێیە بە ئاراستەی پتەوکردنی ژێرخانی کارەبا، گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و ئابووریی کوردستان.
وتیشی، “لە داهاتوودا بەم گرێبەستە دەتوانرێت کارەباى یەک لەسەر سێى هەرێمى کوردستان بەرهەم بهێنرێت و بەوەش نزیکدەبینەوە لەوەی بە کارەبای 24 کاتژمێری بگەین”.
کەمال محەمەد، وەزیرى کارەباش وتى، “ئەم پڕۆژە نوێیەى وێستگەى بازیان دەتوانێت لە چارەکى یەکەمى 2026 بڕى هەزارو 250 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕى کارەباى هەرێمى کوردستان زیاد بکات”.
وتیشى، “ژێرخانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە هەشت هەزار و 189 مێگاوات”، لە کاتێکدا لە ساڵى 2005 تەنیا لە دوو وێستگەى کارۆئاوى لە بەنداوەکانى دوکان و دەربەندیخان 150 تا 200 مێگاوات کارەبا هەبووە، بەڵام ئێستا ژێرخانى کارەبا گەیشتووەتە هەشت هەزار و 189 مێگاوات کارەبا”.