"زیادەڕۆن و موڵکی گشتیان داگیرکردووە"

شارەوانی خورماتوو زیاتر لە 50 دوکان لە ناوەڕاستی قەزاکە دەڕوخێنێت

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لیژنەی لابردنی زیادەڕۆییەکانی خورماتوو بەهاوکاری ئیدارەی قەزاکە، هەڵمەتێکی هۆشداریان بۆ سەر ئەو دوکانانە دەستپێکرد کە تازە دروست دەکرێن و هەندێکیان لە تەواوبووندان، زیاتر لە 50 دوکانن و ناوەڕاستی قەزاکەیان داگیرکردووە، مۆڵەتی هەفتەیەکیان بۆ دانراوە بڕوخێنرێن، ئەگەرنا خاوەنەکانیان سزای دارایی دەدرێن.

قاسم عەلی، بەرپرسی قایمقامیەتی خورماتوو بە 964ـی وت، “هەڵمەتەکەمان لە رۆژی یەکشەممەوە 27.4.2025 دەستیپێکردووە و خاوەنی ئەو شوێنانەمان ئاگادارکردوەتەوە کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکی گشتی و پێیان رادەگەیەنین، دەبێت لە ماوەی هەفتەیەکدا زێدەڕۆییەکان لابەرن، بەپێچەوانەوە سەرجەمیان لەلایەن شارەوانییەوە لادەبرێن و دەڕوخێنرێن، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنەکانیان سزای دارایی دەدرێن”.

وتیشی، زۆربەی ئەو کەسانەی زێدەڕۆییان کردووە، سەربەخۆ و بێ پرس و رای شارەوانی و لایەنی پەیوەندیدار، دوکانەکانیان دروست کردووە و هەیکەلیان قوت کردووەتەوە، چەندین جاریش هۆشداریان پێدراوە، بەڵام ئەمە دوایین ئاگادارکردنەوەیە و بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە کەس ناکەن.

قاسم عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ وەکوو دوا مۆڵەت لەسەر دیواری دوکانەکان ئاماژە و نووسینی زیادەڕۆیی دەنووسن و دوای ئەو ماوەیەی بۆیان دانراوە، دەست دەکەن بە رووخاندنی شوێنەکان.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری