یەکڕیزى و یەکهەڵوێستى

ناوەڕۆکى رەشنووى کۆنفرانسى یەکڕیزى کورد لە رۆژئاوا چییە؟

964+

وریا فەتاح

هەرچەندە لایەنە کوردییەکانى رۆژئاوا بە تایبەت هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنى نیشتمانى کوردى سوریا، تا رادەیەک ناکۆک و ناتەبان، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆنفرانسى یەکڕیزى و یەکهەڵوێستى، یەکڕیزى و یەکهەڵوێستى رابگەیەنن.

کاتژمێرى 10ـى ئەم بەیانییە، کۆنفرانسى یەکڕیزیى هەڵوێستى کورد لە رۆژئاواى کوردستان، بە ئامانجى بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و یەکخستنى هەڵوێست و داواکارییەکانى کوردە بەتایبەتی لە سووریا، دەستیپێکرد و کاتژمێر 2:30 خولەک کۆتایى دێت، ئەگەر گفتوگۆکان درێژە نەکێشن.

هۆشەنگ دەروێش، نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکراتە لە هەرێمى کوردستان لەبارەى کۆنفرانسەکەوە بە 964ـى وت،”رەنگە لە کۆنفرانسەکەدا جگە لە نوێنەرى لایەنە کوردییەکان، فەرەنسا و ئەمەریکاش نوێنەریان ئامادەبێت”.

وەک باسى دەکات، رەشنووسێک ئامادەکراوە کە بنکەکەى لەسەر ئەوە بنیاتنراوە رۆڵى کورد لە داهاتووى سوریادا چۆن دەبێت.

بە وتەى هۆشەنگ دەروێش، رەشنووسەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت سوریاى داهاتوو لامەرکەزیى دیموکراتى بێت و هەموو پێکهاتەکان بە کورد و عەرەب و سریانییەوە مافەکانیان پارێزراو بێت.

روونیشى کردەوە، لایەنێکى دیکەى رەشنووسەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەى کە هەموو ئەو سیاسەتانەى حزبى بەعس لەسەر کورد هەیبووە بە تایبەت سیاسەتى تەعریب و گۆڕینى ناوى شارە کوردییەکان، کۆتاییان بێت و ناوە راستەقینەکەیان بۆ بگەڕێتەوە.

وەک ئەوەى هۆشەنگ دەروێش باسى دەکات، بەشێکى دیکە لە رەشنووسەکە ئەمانە لە خۆى دەگرێت:

–       پێدانانى ناسنامە بە هەموو ئەو کەسانەى بەهۆى حزبى بەعسەوە لێى بێبەش بوون.

–       لامەرکەزى بۆ ئیدارە خۆجێییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان.

–       کوردەکان بەشداربن لە دەوڵەت و هەموو دامودەزگاکان بە سەربازى و سیاسى و یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى.

–       قەرەبووکردنەوەى ناوچە و شارە کوردییەکان و دابینکردنى بودجەیەکى پێویست بۆیان، چونکە رژێمى پێشوو پەراوێزى خستوون و خزمەتگوزارى پێنەگەیاندوون.

وەک ئەوەى هۆشەنگ دەروێش ئاشکراى دەکات، گرنگى ئەو کۆنفرانسە لەوەدایە، کورد بە یەکهەڵوێستى دێتە دەرەوە و شاندێک کە لە هەموو پێکهاتە و لایەنەکان پێکدێت نوێنەرایەتى رۆژئاواى کوردستان دەکات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شام و داواکردنى ئەو خاڵانەى کە لە رەشنووسى یەکڕیزى لەسەرى رێکدەکەون.

کۆنفرانسەکە لە پارکى ئازادى شارى قامیشلۆ بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 400 کەس کە نوێنەرایەتى پارت و رێکخراوە کوردییەکانى، رۆژئاواى کوردستان دەکەن تێیدا بەشدارى دەکەن و نوێنەرى هەردوو پارتى سەرەکى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان، لە باشوورى کوردستان بەشدارى دەکەن.

ئێستا لە رۆژئاواى کوردستان هێزی زۆر هەن، بەڵام دوانیان لە هەموویان کاریگەرترن، یەکەمیان هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە لەلایەن مەزڵوم عەبدییەوە فەرماندەیی دەکرێن، دووەمیان ئەنەنجومەنى نیشتمانى کوردى سوریا (ئەنەکەسە)، قسەو باس لەسەر ئەوەیە ئەم دوو هێزە بە رێککەوتنێکى هاوبەش کە رێککەوتنێکى کوردییە، پێکەوە بچنە دیمەش و لە داهاتووى سوریادا رۆڵیان هەبێت.

دەمێکە نێردراوى فەرەنسا لە رۆژئاوای کوردستانە لەگەڵ هەموو هێزە جیاوازەکان بەجیا کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی قسەیەک لەسەر ئەوە بکەن چۆن کوردەکان بچنە دیمەشق، هەر بۆیە کۆنفرانسەکەى ئەمڕۆ، بەرمەبناى ئەو هەوڵانەیە و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ کورد بە یەک هەڵوێستى هاوبەشەوە لێى دەربچێت.

کۆنفرانسى یەکڕیزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان بەڕێوەدەچ...

کۆنفرانسى یەکڕیزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان بەڕێوەدەچێت