لە فەرمانگەی ڤێتێرنەری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە

چەند رێكارێك بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تای خوێنبەربوون

964+

محەمەد فاتیح

فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق هەڵمەتێکی بۆ دەرمانڕێژكردنی ئاژەڵان دەستپێکرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنی تای خوێنبەربوون، هاوکات هۆشداریشیدا لە کڕینی گۆشتى ئاژەڵی بێ مۆڵەت.

فەرمانگەی ڤێتێرنەری بڵاویكردەوە، پشت بە پلانێکی ستراتیژی دەبەستن بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە پەتاییەکان، ساڵانە دوو هەڵمەت جێبەجێ دەکەن، لە وەرزی بەهار و پایزدا بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی پەتای تای خوێنبەربوون.

دەشڵێت، هەڵمەتی بەهارە لە 6ـی نیسان دەستی پێکردووە بۆ ماوەی 24 رۆژ بەردەوام دەبێت و دەرمانڕێژكردنی ئاژەڵەكان دەگرێتەوە بۆ نەهێشتنی گەنە كە هەڵگری سەرەکی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە.

فەرمانگەی ڤێتێرنەری مادەی دێڵتا میترینی بۆ هەموو نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکانی سەرجەم پارێزگاکان دابین کردووە، کە قڕکەرێکی کاریگەرە و بۆ نەهێشتنی گەنە بەکاردێت، سەرەڕای پێكهێنانی نزیکەی 248 تیمی گەڕۆک كە پزیشکانی ڤێتێرنەری لەخۆدەگرێت بۆ جێبەجێکردنی هەڵمەتەکە.

رێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون

-پێویستە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵەکاندا وریا بیت، چونکە هیچ نیشانەیەك بە توشبووانیەوە دەرناكەوێت.

-بەخێونەکردنی ئاژەڵ لە ماڵەوە.

-لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵدا كەلوپەلی سەلامەتی وەک دەستکێش و جل و بەرگی كراوە و پێڵاوی سپيى و درێژ لەبەر بکرێت.

-دڵنیابوونەوە لەوەی ئاژەڵەکان لە کوشتارگە فەرمییەکان لە ژێر چاودێری پزیشکی ڤێتێرنەریدا سەردەبڕدرێن، هەروەها گۆشتەکە پێش ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە بە مۆری فەرمی ڤێتێرنەری مۆر كرابێت.

-گۆشت تەنیا لە شوێنی رێگەپێدراو  بکڕدرێت كە لەژێر چاودێری ڤێتێرنەریدا بێت.

-ساردكردنەوەی گۆشت پێش کوڵاندنی.

-ئامێری بڕینی پاک و تەعقیمکراو بەکاربهێنرێت.

-گۆشت لە پلەی گەرمی بەرزدا بکوڵێنرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لە لەناوبردنی ڤایرۆسەکە.

هۆشداریشىدا لە دیاردەی سەربڕینی هەڕەمەکی کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون.

ئاماژەى بەوەشکردووە، کە ڤایرۆسەکە لە خوێنى ئاژەڵەکاندا چالاک دەمێنێتەوە دوای سەربڕین، ئەمەش وایکردووە کڕینی گۆشتى بێ مۆڵەت ببێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی گشتی.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەیف بەدر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 26 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆماركراون.

وتیشی، چوار كەس بە نەخۆشییەكە گیانیان لەدەستداوە، دوو لە كەركوك و دووانیش لە زیقار.

لایەنە تەندروستییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان چەندان رێنماییان بە هاوڵاتیان و خاوەن ئاژەڵەكان داوە بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون، جگە لەوەی چەند هەنگاوێكیش بە مەیدانی ئەنجامدراوە وەك تەعقیمكردن و شووشتنی ئاژەڵان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست.

ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون گەیشتە 26

ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون گەیشتە 26