پاڵپشتی دارایی ناکرێین

سورێژە و زەردوویی خۆیان مەڵاسداوە؛ تەندروستیی جیهانی ناتوانێ ڤاکسین بکڕێ

964+
ئەحمەد مستەفا

توانای دارایمان بە شێوەیەک لاوازبووە، ناتوانین دەرمان بکڕین و رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان بکەین، ئەمە هۆشداری سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و هاوپەیمانیی گاڤە بۆ دابینکردنی ڤاکسین.

ئەو پەیامە جیاواز و هۆشداری دانە لە کاتێکدا دێت، ترسی ئەوان لە گەڕانەوەی نەخۆشی سورێژە و زەردووییە بە رێژەیەکی فراوان لە وڵاتانی جیهان.

تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بڵاوکراوە هاوبەشەکەیان دا دەڵێت، رێکخراوەکەیان لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا ژیانی 150 ملیۆن کەسی لە مردن رزگارکردووە، بەڵام ئێستا ناتوانن رێگری لە بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی بکەن.

ئەوانەش، وەکو نەخۆشییەکانی سورێژە، هەوکردنی پەردەی مێشک و زەردوویی، لە کاتێکدا چارەسەریان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی داراییەوە ناتوانن ڤاکسین و دەرمان بۆ بنەبڕکردن و پڕۆسەی چارەسەریی دابین بکەن.

ئەوان زیاتر چاویان لە گەڕانەوەی نەخۆشی سورێژەیە، ئەدهانۆم دەڵێ، گەڕانەوەی نەخۆشیی سورێژە مەترسیدارە، لە ساڵی 2023 وە، 10 ملیۆن و300 هەزار کەس گرفتاری ئەم نەخۆشییەکە بوون، کە ئەمەش رێژەیەکی زۆر بەرزە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی “WHO” بودجەیەکی پەسەندکراوی 6.83 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ دوو ساڵی 2024-2025 هەیە، نزیکەی 84%ی ئەم بودجەیە لە رێگەی بەشدارییە خۆبەخشییەکانی وڵاتانی ئەندام و بەخشەرەکانی دیکەوە دابین دەکرێت، لەگەڵ 16%ی دیکە کە بەشدارییە هەڵسەنگێندراوەکان کە کرێی ئەندامێتی دەگرێتەوە.

بەڵام، گەنجینەی دارایی رێکخراوەکە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە، کاتێک ئەمریکا کە لە مێژوودا گەورەترین بەخشەر بوو، لە سەرەتای ساڵی 2025 کشانەوەی خۆی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی راگەیاند، بڕیارێک کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سەقامگیری دارایی ئاژانسەکە هەبووە.

تەندروستی جیهانی ناتوانێت یارمەتی بگەیەنێتە غەزە

تەندروستی جیهانی ناتوانێت یارمەتی بگەیەنێتە غەزە

نەخۆشی سورێژە لە ئەمریكا بڵاوبووەتەوە

نەخۆشی سورێژە لە ئەمریكا بڵاوبووەتەوە