چەند شوێنکیش داخران

لە ناحیەی شۆڕش بڕێکی زۆر جگەری بەستوو دەستی بەسەرداگیرا

شۆڕش قادری

دوای بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون لە چەند شوێنێکی کوردستان، لیژنەکانی تەندروستی و قایمقامیەتی چەمچەماڵ هەڵمەتەکانیان بۆ پشکنینی بازاڕ چڕ کردووتەوە و لە ناحیەی شۆڕش دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر جگەری بەستوودا گرت و چەند شوێنێکیشیان داخست.

شەریف رەحیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “لیژنەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ قایمقامیەت و بەشی ئابووری ناحیەی شۆڕش هەیە کە لە 12 تیم پێکهاتووە و بەردەوام دوکان و شوێنە بازرگانییەکان بەسەردەکەنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناحیەی شۆڕش، سەردانی قەسابخانە و شوێنی سەربڕینی ئاژەڵ و مارکێت و گۆشتفرۆشانی سنوورەکەیان کردووە و لەو سەردانەدا ژمارەیەک شوێن بەبۆنەی نەبوونی مۆڵەت و پابەند نەبوونیان بە رێنماییە تەندروستییەکان داخران و بەشێکیشیان سزای دارایی کران و دەست بەسەر کەوپەلەکانیاندا گیرا.

شەریف رەحیم وتیشی، لەیەکێک لە مارکێتەکانی ناحیەی شۆڕش دەست گیراوە بەسەر بڕێکی زۆر جگەری مریشکی بەستووی قەدەغەکراو و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو شوێنە دەکرێت.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێکە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە کەرکوک و چەند شوێنێکی کوردستان بڵاوبووەتەوە و جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی چەمچەماڵ وتی، بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان هەڵمەتەکانمان چڕ کردووەتەوە.