20 داعش گیراون

هەڵاتنێکی بە کۆمەڵی داعشەکان لە کەمپی هۆڵ پووچەڵ کرایەوە


ئەحمەد مستەفا

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان بڵاوی كردەوە، ئۆپەراسیۆنی ئەمنی کەمپی هۆڵ کۆتایی هاتووە و 20 چەکداری داعش و هاوکارەکانیان دەستگیرکران.

هەروەها دەست بەسەر چەندین چەک و تەمەقەمەنیدا گیراوە لە کەمپەکەدا.

رۆژی 18.4.2025 ئاسایشی ناوخۆ، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە و یەپەژە، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە کەمپی هۆڵ دەستپێکرد، کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشاندنەوەی شانە نووستووەکان و پتەوکردنی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی کەمپەکە بوو.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاسایشی ناوخۆ دەڵێت، 20 چەکداری داعش و هاوکارەکانیان دەستگیرکران، سێ کڵاشینکۆف و دەمانچەیەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی، کە لەناو خێمەیەکدا شاردرابوونەوە، دەستی بەسەردا گیراوە.

هەروەها، هەوڵێکی هەڵهاتنی بەکۆمەڵ، بە هەماهەنگی شانەیەکی ناو کامپەکە و شانەیەکی دیکەی دەرەوەی کەمپەکە پوچەڵکراوەتەوە و سەرجەم ئەندامانی شانەکە دەستگیرکران.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاسایشی ناوخۆ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، لە بەرامبەر کەمپی هۆڵ بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ و کاری جدیی بکات بۆ گەڕاندنەوەی گیراوانی ناو کەمپەکە بۆ وڵاتەکانیان، هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکات، تاوەکو باشتر ئەم دۆسییە دژوارە بەڕێوەببات.