بە زانست شەڕ لەگەڵ نەخۆشی دەكات

منداڵێک نەخۆشییەكی دەگمەنی هەیە و پلەی یەكەمی لە زیرەکیی دەستکرد بەدەستهێنا

964+
محەمەد فاتیح

لە قوژبنێكی دوورە دەستی پارێزگای ئەنبار، چیرۆكێكی ئەفسوناوی دەبیسترێت، كە قارەمانەكەی منداڵێكە تەمەنی لە 14 ساڵ تێپەڕی نەكردووە، بەڵام  ئەو بە گوێرەی شاخەكانی كوردستان بەهێزە و تواناكانی سنووری مەحاڵی بەزاندووە.

عومەر محەمەد خزەیر لە دایكبووی ساڵی 2011، ئەو منداڵێكی ئاسایی نییە و هەر لەگەڵ هاتنی بۆ ژیان لە چارەی نووسرابوو رووبەڕووی ململانێیەكی سەخت ببێتەوە لەگەڵ نەخۆشیەكی دەگمەن كە ناوی هیمۆفیلیایە و به خوێنی شلیش ناودەبرێت، ئەم نەخۆشییە رێگرە لە مەینبوونی خوێن بە شێوەیەكی ئاسایی و بۆی هەیە بە هۆیەوە برینێكی ئاسایی ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی تووشبوانی.

چاوەكانی فرمێسكیان لێ‌ دەهاتە خوار كاتێك باوكی عومەر بەسەرهاتی منداڵەكەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت تەمەنی تەنیا 20 رۆژ بوو سەری نەشتەرگەری بۆ كرا و شەش دەرزیمان بۆی كڕی بە 22 ملیۆن دیناری عێراقی، گەشتی رۆڵەكەم لەگەڵ نەخۆشیدا زۆر دژوارە و لە نەخۆشخانەیەكەوە بۆ نەخۆشحانەیەك و لە درزی لێدانێكەوە بۆ دەرزی لێدانێكى تر ، هەر لە منداڵیەوە ئازارێكی لە رادەبەدەری چێشت.
باخچەی ساوایان رەتیانكردەوە عومەر وەربگرن بەهۆی بارودۆخی تەندروستیەوە چونكە دەترسان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، تەنیا باخچەیەك نەبێت بە چەند مەرجێكی زۆر قورس وەریگرت، بەڵام دواتر بۆ هەمووانی سەلماند كە ئەو زۆر لەو نەخۆشیە بەهێزترە و لە پۆلی سێی سەرەتایی بڕیاریدا تاقیكردنەوەی قوتابخانەی بەهرەمەندەكان ببڕێت و پێشبڕكێ‌ لەگەڵ 500 قوتابی تر بكات و سەركەوتنى بەدەستهێنا و پەنجەرەیەكی نوێی بۆ پاشەڕۆژی خۆی كردەوە، پلەی یەكەمی بەدەستهێنا لە پێشبڕكیی دیداری داهێنەرانی نیشتمانی بۆ زیرەكی دەستكرد، بە ئامێرێك كە یارمەتی دایكانی نابیست دەدات بۆ ئاگاداركردنەوەیان كاتێك منداڵە ساواكانیان دەست دەكەن بە گریان.

ئەو منداڵە بەهرەمەندە بە بڕوابوونێكی زۆرەوە باس لەوە دەكات كە لە ئینتەرنێتەوە فێری زانست بووە و كاتێكی زۆری لە فێربوونی بەرنامەسازی و زیرەكی دەستكرد بەسەر بردووە و دەڵێت ئامانجم ئەوە بوو چەند ئەپڵیكەیشنێك دابنێم تاكو یارمەتیدەربێت بۆ ئەو كەسانەی وەك من دووچاری نەخۆشی بوون.

عومەر بەوەوە نەوەستاو لە چەندین پێشبڕكێی و وۆرك شۆپدا لەناو عێراق و دەرەوەی وڵات بەشداری كرد، تا بوو بە خاوەنی خەڵاتی “باشترین داهێنەر لە جیهانی عەرەبیدا”
ئەو بە زەردەخەنەیەكی پڕ لە چیرۆكی سەركەوتنەوە وتی، كاتێك وەك براوە ناویان خوێندمەوە هەستم كرد ئەو هەموو ئازارەی تیاییدا ژیام بە فیڕۆ نەچوو، ویستم بۆ جیهانی بسەلمێنم كە نەخۆشی كۆتایی جیهان نییە، بەڵكو سەرەتای خەونێكی نوێیە، ئاواتمە ببم بە زانایەك لە بواری زیرەكی دەستكرد و پەرە بە چەند ئەپلیكەیشنێك بدەم یارمەتیدەر بێت بۆ نەخۆشەكان، ئەمەوێت ئەوە بسەلمێنم سەرەڕای هەموو بارودۆخە ناهەموارەكان مرۆڤ دەتوانێت سەركەوتن بە دەست بهێنێت و داهێنانیش بكات.

عومەر محەمەد خزەیر ئەو قوتابيیه منداڵەی بە زانست شەڕ لەگەڵ نەخۆشی دەكات، بە داهێنان ئازارەكانی لەناو دەبات، ژیانی ناهەمواری دەكات بە دەستكەوت، ئەمە چیرۆكی ئەفسوناوی منداڵێكە كە بۆمان دەسەلمێنێت، هەمیشە مرۆڤ لە هەموو بەرەنگاربوونەوەیەك بە هێزترە و دەكرێت لەناو ئیش و ژان و ئازار و نەهامەتیدا داهێنان سەرهەڵبدات!