وەزیرى تەندروستى
“شێرپەنجە لە هەرێمى کوردستان تەجروبەیەکى زۆر سەرکەوتوو بووە”
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
هەرێمى کوردستان لە تەجروبەى چارەسەرى شێرپەنجەدا سەرکەوتوو بووە، ئەمە قسەى وەزیرى تەندروستییە، موژدەش بە دانیشتوانى پارێزگاى هەڵەبجە دەدات، بەم نزیکانە سەنتەرى دەستنیشانکردنى شێرپەنجە دەکەنەوە.
سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان، لە کاتى بەشداریکردن لە فێستیڤاڵى بەهارەى نەخۆشخانەى نانەکەلى، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”شێرپەنجە فشارێکى زۆرى دارایى لەسەر حکومەت دروستکردووە، چونکە چارەسەرەکەى گرانبەهایە و دەرمانەکانیش لە نەخۆشخانەى تایبەت نین و تەواو حکومییە”.
بە وتەى وەزیرى تەندروستى هەرێم، هەرێمى کوردستان لە تەجروبەى چارەسەرى شێرپەنجەدا زۆر سەرکەوتوو بووە، دەشڵێت: شێرپەنجە لە رەوشێکى باشدایە و بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، شێرپەنجە لە هەرێم کەمترینە.
وەزیرى تەندروستى باسى لەوەشکرد، رێژەى 35 بۆ 40%ـى ئەوانەى چارەسەرى شێرپەنجە وەردەگرن، خەڵکى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن.
هەروەک موژە بە پارێزگاى هەڵەبجەش دەدات کە پڕۆژەى شێرپەنجەى شارەکە تەواو بووە و بەم نزیکانە سەنتەرى دەستنیشانکردنى شێرپەنجە دەکەنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح