خورماتوو
تاى خوێنبەربوون کۆتایى بە گۆشتفرۆشتنى سەر شەقامەکان دەهێنێت
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەهۆی مەترسی لە بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربوون، ئیدارەی قەزای خورماتوو داوا لە هاوڵاتیان دەکات چیتر گۆشتی سەرشەقامەکان نەکڕن و هەڵمەتێکیش دەستپێدەکات بۆ داخستنى سەرجەم گۆشتفرۆشە نایاساییەکان.
قاسم عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو بە 964ـی وت،”هەڵمەتەکە لەمڕۆوە جێبەجێکراوەو هەر قەسابێک بەشێوەی نایاسایی دوکانی دانابێت یاخود لەسەر شەقامەکان بەهەڕەمەکی گۆشت بفرۆشێت، پێیان دادەخرێت و هەروەها دەبێت سەرجەم قەسابەکانی قەزاکە پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن”.
جەختیش دەکاتەوە، هەر ئەمڕۆ پشکنین بۆ سەرجەم قەسابخانەکانی قەزاکە دەستیپێکردووەو هەر قەسابێک پێچەوانەی بڕیارەکە بێت، بەبڕی جیاواز لە 250 هەزار تا یەک ملیۆن دینار، پێبژاردنیان بۆ دەکرێت و خاوەنەکانیان دەستگیر دەکرێت.
داواشکراوە، لەمڕۆ زووتر نییە کە گۆشتفرۆشى سەر شەقامەکان شوێنەکانیان دابخەن و بیپێچەنەوە، بەپێچەوانەوە لەلایەن لیژنەکانەوە بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
هەروەک رێنمایى هاوڵاتیان دەکەن، جگە لەوەى ئەو ماوەیە خۆیان بەدووربگرن لە کڕینى گۆشتنى مۆرنەکرا، ئاگاداریشیان بکەنەوە کە گۆشتى مۆرنەکراویان بینى.
لە قەزای دوزخورماتوو زیاتر لە 100 قەسابخانە هەیە و ئیدارەی قەزاکە مۆڵەتی یەک هەفتەی بۆ داناون، گەر رێنماییەکانی تەندروستی جێبەجێ نەکرێت روبەرووی سزای یاسایی دەبنەوە و دوکانەکانیان پێ دادەخرێت.
بڵاوبوونەوەى تاى خوێنبەربوون لە سنوورى پارێزگاى کەرکوک، رێکارەکانى توند کردووەتەوە، بەو هۆیەشەوە لە ماوەى چوار رۆژى رابردوودا دوو کەس بە تاى خوێنبەربوون، گیانیان لەدەستدا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح