نزیکەی نۆ تۆن سێوی گەنیو لە مەرزی کێلێ دەستی بەسەرداگیرا - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی راپەڕین
گەڕێندرایەوە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان
نزیکەی نۆ تۆن سێوی گەنیو لە مەرزی کێلێ دەستی بەسەرداگیرا
964+
شۆڕش قادری
لە مەرزی کێلێ نزیکەی نۆ تۆن سێوی گەنیو کە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە هێنرابوو، دەستی بەسەرداگیرا و گەڕێندرایەوە.
عەباس عەزیز بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە 964ـی وت، “هۆبەی کەرەنتینەی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی راپەڕین لە مەرزی کێلێ، پشکنینیان بۆ هەشت هەزار و 870 کیلۆ سێوی ئێرانی کردووە و بڕیاریانداوە بیگەڕێننەوە، چونکە بەشێکی زۆری رزیوە و کەڕوو لێیداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارە بەهاوکاری بنکەی گومرگی کێلێ و یاریدەدەری ئاسایشی مەرزەکە ئەنجام دراوە.
مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران، بە دیاریکراوى لە دیوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە سنوورى قەزاى پشدەر و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە نزیکترین شار لێیەوە سەردەشتە.