بەرهەمی هەڵوژە لە گوندی کوڵکنی ناحیەی خورماڵ - وێنە: فەلاح کوڵکنی
هەڵوژە ترشەکەی کوڵکنی پێگەشت
کیلۆی 100 هەزاری پێمەدە لێرە تەنیا بە پێنج هەزار دینارە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە گوندی کوڵکنی ناحیەی خورماڵ هەڵوژە ترشە سەوزەکە پێ گەیشت، جوتیارێکی گوندەکە کە دەست رەنگینە لە بەرهەمهێنانی چەندین جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی، بە نرخێکی هەرزان دەرگای باخەکەی بۆ هەڵوژە ترشەکە بە رووی کڕیاران کردەوە.
ئەو بە 964ی وت، دەمەوێ بە هاوڵاتیان بڵێم، کیلۆی 100 هەزاری پێمەدەن، لێرە تەنیا بە پێنج هەزار دینارە.
فەلاح کوڵکنی، جوتیارێکی دەشتی شارەزوور، لە باخەکەی خۆیدا، جگە لە هەڵوژە، ساڵانە چەندین جۆری دیکەی میوە و بەرهەمی کشتوکاڵی لە (ترێ، قەیسی، کاڵەک، هەنار و بامیە و کولەکە و بیبەر) بەرهەم دەهێننێ.
ئێستا لەلای ئەو جوتیارە، دەیان دار هەڵوژە، بەرهەمی هەڵوژەی سەوزە ترشەکەیان پێوەیە و ئامادەن بۆ خواردن، زۆرجار بەهۆی کەمی و دەگمەنی ئەو جۆرە هەڵوژەیە، نرخەکەی لە بازاڕدا تا 300 هەزار دینار دەڕوات ق دواتر نرخەکەی دادەبەزێت.
بەڵام، لێرە نرخەکەی زۆر هەرزانە و خۆشت لێی بکەیتەوە بە دڵی خۆت، هەر پێنج هەزار دینار بۆ یەک کیلۆ لێت وەردەگرێ.