هەنگاوێكی مێژووییە

جۆرێكی دیكەی نەخۆشی شەكرە دۆزرایەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە هەنگاوێکدا کە بە مێژوویی وەسف دەکرێت، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی نەخۆشی شەکرە (IDF) ناساندنی جۆرێکی نوێی نەخۆشی شەکرەی بە فەرمی بە راگەیاند، کە بە جۆری پێنجەمی شەکرە ناسراوە.

فیدراسیۆنەكە جۆرە تازەكەی شەكرەی بە نەخۆشییەكی دەگمەن و شەکرەی دەستپێکردنی پێگەیشتنی گەنجان (MODY) وەسف كردووە و ئاماژەی بەوەداوە زیاتر هەرزەکاران و گەنجانی پێگەیشتوو تووش دەبن، ئەمەش بەهۆی خراپیی جۆری خۆراکەوە دەبێت، نەک قەڵەوی یان شێوازی ژیان.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەكرە لە راپۆرتێكدا دەڵێت، پێدەچێت ئەم جۆرە نەخۆشییەی شەکرە نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ببن، بە تایبەتی لە وڵاتانی کەمداهات و مامناوەنددا، کە گەنجانی بەدەست کەمبوونەوەی توندی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین دەناڵێنن بەهۆی تێکچوونی کارکردنی خانەکانی پەنکریاسەوە.

مێردیت هاوکینز، پزیشك و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیی ئەلبێرت ئەنیشتاین دەڵێت: “شەکرەی پەیوەست بە بەدخۆراکی، لە مێژوودا تاڕادەیەکی زۆر کەم دەستنیشانکراوە و بە هەڵە تێگەیشتنێك بۆ ئەمە هەبووە، وتیشی، “ناساندنی وەک جۆری پێنجەمی شەکرە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و دەستپێکردنی توێژینەوەی رژد”.

هاوكینز هەروەها دەڵێت: تووشبووی ئەو جۆرە وا دەردەكەوێت جۆری یەکەمی شەكرەی هەبێت، چونکە لەناو لاواز و گەنجاندا دەردەكەوێت، بەکارهێنانی ئەنسۆلینیش هیچ سوودێکی نییە و بەڵكو مەترسیداریشە.

ئەو پزیشكە، لە لێدوانەكانیدا، كە سكای نیوز بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات، لە ساڵی 2010 لە رێگەی پەیمانگای نێودەوڵەتیی ئەنیشتاینەوە دەستیانپێکرد، لە ساڵی 2022دا توانیویانە بیسەلمێنین کە ئەم نەخۆشییە لە بنەڕەتدا جیاوازە لە جۆرەکانی یەکەم و دووەمی شەكرە، تەنانەت دەڵێت، “ئەوەی دۆزیمانەوە بە تەواوی شێوازی تێگەیشتنی ئێمە لە بارەی نەخۆشییەكە گۆڕی”.

“ئێستا ئیرادەی جیهانی و دانپێدانانی فەرمیمان هەیە بۆ دەستپێکردنی توێژینەوەی راستەقینە، کە یارمەتیدەر دەبێت لە رزگارکردنی ژیانی تووشبووانی ئەو نەخۆشییە”، مێردیت هاوکینز، پزیشك و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیی ئەلبێرت ئەنیشتاین وادەڵێت.

هەر لەمبارەیەوە پرۆفیسۆر نیهال تۆماس، پرۆفیسۆری نەخۆشی ر‌ژێنەکان لە کۆلێژی پزیشکی مەسیحی لە هیندستان و ئەندامی دەستەی ئەرکی جۆری پێنجەمی شەکرە، روونی دەكاتەوە: “نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی تێکچوونی کارکردنی خانەکانی بێتا کە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین، بەداخەوە زۆرجار بە هەڵە وەک نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم دەستنیشانکراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەكارهێنانی هەڵە و مەترسیداری ئەنسۆلین بۆ چارەسەركردن”.

دانپێدانانی فەرمی بەو جۆرەی شەكرە، دوای دەنگدانێک بوو لە 8.4.2025 لە کۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی نەخۆشی شەکرە لە بانکۆکی تایلەند، دوای چەندین ساڵ مشتومڕی پزیشکی لەسەر پۆلێنکردنی وەک نەخۆشییەکی جیاواز و سەربەخۆ.

پزیشکان هۆشداری دەدەن کە پێدانی ژەمە ستانداردەکانی ئەنسۆلین بەم نەخۆشانە، دەبێتە هۆی دابەزینی توند و ئەگەری کوشندە لە ئاستی شەکری خوێندا، ئەمەش ئەگەری چارەسەرکردن ئاڵۆز دەکات.