بازرگانێکیش دەستگیر کرا و شەش کیلۆ ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا
ئەو بازرگانەی لە پشدەر رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووەوە و بریندارکرا، گیانی لەدەستدا
964+
شۆڕش قادری
ئەو بازرگانەی لە ناوچەی پشدەر رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووە و بریندارکرا، گیانی لەدەستدا، بازرگانێکیش دەستگیر کرا و شەش کیلۆ ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا.
شەوی رابردوو هەر زوو 964 هەواڵی رووبەڕووبوونەوەی باندێکی ماددەی هۆشبەری لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەی پشدەر بڵاوکردەوە و زانیاریمان دەستکەوت کە کەسێک بریندارە، ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، شەوی 17.4.2025 لە ئۆپراسیۆنێکدا لە ناوچەی (پشدەر/کورتەک) دوای ئەوەی هێزەکانمان لەهەوڵی دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەردابوون کە دانیشتووی قەزای کەڵەک – بەردەڕەشن، بەڵام تۆمەتباران ئامادەنەبوون خۆیان بەدەستەوە بدەن، سەرئەنجام تۆمەتبارێکیان بە چەک رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووەوە و دواتر بە ئۆتۆمبێل هەوڵی هەڵهاتنیدا، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکە یەکێک لە بازرگانان بریندار بوو و بە زووترین کات گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، پاش پشکنینە تەندروستییەکان و دەستگرتن بەسەر ئامرازێکی کێشانی ماددەی هۆشبەر لە ئۆتۆمبێلەکەیدا، دەرکەوتووە کە ئەو بازرگانە لەژێر کاریگەری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەردا بووە و پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری گیانی لەدەستداوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاندووە، “لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو بازرگان و گوازەرەوەی ماددەی هۆشبەر بەناوەکانی (ق،ع،ع) تەمەن 40 ساڵ و (ئ،ح،ع) تەمەن 34 ساڵ، لە نێوان تۆڕەکانی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و شارەکانی دهۆک، هەولێر ، سۆران، زاخۆ کاری گواستنەوە و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەریان کردووە چەند جارێکیش ترانزێتی ماددەی هۆشبەریان بۆ وڵاتی تورکیا کردووە”.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ئێستادا یەکێک لە تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە .