لە عێراق جێبەجێ دەکرێت
دخول عام قوتابیانى پۆلى 12ـى هەرێم ناگرێتەوە
964+
ژێوار خدر- هەولێر
دواى ئەوەى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ئەمساڵی خوێندن (دخول عام) بۆ قوتابیانى سێى ناوەندى و شەشى ئامادەیى پەیڕەو بکات، وەزیرى پەروەردەى هەرێم دەڵێت، پۆلى 12 ناگرێتەوە.
رۆژى سێشەممەى رابردوو، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، پێشنیازێکى وەزارەتى پەروەردەى پەسەند کرد کە تایبەت بوو بە تاقیکردنەوەى وزارى پۆلەکانى سێ ناوەندى و شەشى ئامادەیى، (لە هەرێمى کوردستان نۆى بنەڕەتى و 12ـى ئامادەیى پێ دەوترێت)، و بڕیاریدا هەموو قوتابیانى پۆلى سێى ناوەندى و شەشى ئامادەیى، بەشدارى تاقیکردنەوەى بەکالۆرى بکەن.
لەسەر ئەو بابەتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.4.2024، وەزیرى پەروەردەى هەرێم بە 964ـى وت،”قوتابیانى پۆلى 12ـى هەرێم، تا سێ دەرس کەوتن دەتوانن بەشدارى تاقیکردنەوەى بەکالۆرى بکەن، لەوە زیاتر ناتوانن و بڕیارەکە هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە”.
ئالان حەمەسەعید لە پێشەنگاى نێودەوڵەتى هەولێر بۆ کتێب قسەى بۆ 964 کرد و چەند بابەتێکى دیکەش تاوتوێکران.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح