ئەو مادە هۆشبەرانەی کە بە تۆمەتبارەکان بووە. فۆتۆ: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەر
لە هەولێر دەستگیر کران
بۆ بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر ژنیان بەکارهێناوە
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کردنی ئەندامانی تۆڕێکی بڵاوکردنەوە و بازرگانیکردنی بە ماددەی هۆشبەر راگەیاند کە “ژنیان بەکاردەهێنا بۆ فێرکردنی منداڵ و گەنج و لاوی پارەدار”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.4.2025، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، لە ناو شاری هەولێر تۆرێکی بڵاوکردنەوە و بازرگانی بە مادەی هۆشبەریان دەستگیر کرد کە پێکهاتوون لە پێنج کەس، دەستیشیانگرتووە بەسەر نزیکەی شەش کیلۆگرام ماریجوانا.
“دەستگیرکردنی ئەم تۆڕە تەواوکەری ئەو تۆڕەیە، کە پێشتر لە راگەیندراوی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیمان بڵاومانکردووەتەوە کە تیایدا دوو تۆمەتبار و نزیکەی دوو کیلۆگرام لە هەمان ماددە دەستی بەسەردا گیرا بوو”، بەڕێوەبەرایەتییەکە وا دەڵێت.
لە راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە، “ئەم تۆڕە مەترسیدارییەکەیان لەوەدا بوو کە پێکهاتەکەیان لە کەسانی عەرەب و کورد پێکهاتبوون و ژنیان بەکاردەهێنا بۆ فێرکردنی منداڵ و گەنج و لاوی پارەدار و پاشان فرۆشتنی ئەم ماددە هۆشبەرە پێیان بەو نرخەی کە خۆیان دەیانویست”.
دۆسیەی تاوان بۆتەواوی دەستگیرکراوان کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقلییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.