قەزای دوزخورماتوو - وێنە: 964
سبەینێ دەستبەکار دەبێ
کوردێک بووە بەرێوەبەری نوێی شارەوانی دوزخورماتوو
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بە بڕیاری پارێزگاری سەڵاحەدین، مەرعی رەشید بەڕێوەبەری شارەوانی دوزخورماتوو لەپۆستەکەی دوورخرایەوە، هیوا غالیب کە لەنەتەوەی کوردە وەکو بەڕێوەبەری نوێی شارەوانی قەزاکە دیاری کرا.
پێشتر تۆمەتی گەندەڵی درابوویە پاڵ مەرعی رەشید.
هیوا غالیب، بەڕێوەبەری نوێی شارەوانی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، ماوەی چەند رۆژێکە، لەلایەن ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کە لەنەتەوەی تورکمانە، بەنوسراوی فەرمی، بەڕێوەبەری پێشوی شارەوانی تۆمەتبار کراوە بەدۆسێی گەندەڵی، ئەمەش پارێزکاری سەڵاحەدینی ناچار کردووە بەدوخستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرە لەپۆستەکەی.
بەو پێیەی فەرمانگەی شارەوانی پشکی کوردە، ئەو بەڕێوەبەرە نوێیە دەڵێ، ئەمەش هەلێک بوو، بۆ دوبارە وەرگرتنەوەی پۆستەکە، من 22 ساڵ خزمەتم هەبووە لە فەرمانگەی شارەوانی، بۆیە وەکو شایستە دەستنیشانکرام بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە و لەسبەینێ وە، وەکو بەڕێوەبەری نوێی شارەوانی دەستبەکاردەبم.
لە بەرامبەردا یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کە لەنەتەوەی کوردە بە 964ـی وت، ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە پێداگری دەکەین کە پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانی وەرگرینەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی بتوانین خزمەتی دوزخورماتوو بکەین لەرووی خزمەتگوزارییەوە.
لەدوای روداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 زۆرینەی پۆستەکان لەدەستی کورد نەمابوون، ئەو ئەندامەی ئەنجومەن دەڵێ، لەم ماوەیەدا توانیومانە بەشێک لەپۆستەکان بگەڕێنینەوە بۆ کورد و لەھەوڵداین تەواوی پۆستەکانی دیکەی کە بەدەست کوردەوە بوون وەرگرینەوە.
لە ئێستادا کورد لە دوزخورماتوو، هەریەک لە پۆستی نەخۆشخاەنی قەزاکە، شارەوانی، کشتوکاڵ، ئەوقاف و هەواڵگری مەدەنی بەدەستهێناوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کورد دوای رووداوەکانی ساڵی 2017 سەرجەم پۆستە ئیداریەکانی لەدەست دابوو.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا
